محەممەدجەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە شێوەیەکی ڕووهەڵماڵاوانە و دوور لەهەر چەشنە ئەخلاقێکی دیپلۆماتیکانە ڕوو بە ئورووپا لە هەمبەر کوژرانی ڕەشپێستێک لە ئەمریکا .تویتێکی بڵاوکردەوە.
وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەمبەر کوژرانی “فلوید” بەدەستی پۆلیسی ئەمریکا، لە تویتێکدا نووسیویەتی: “ئەگەر ئورووپا دەیهەوێت بێدەنگ بێ، دەبێ بۆ هەمیشە دەمی دابخات”.
زەریف، ئەو قسانەی لە بەرامبەر بە بێدەنگیی یەکیەتیی ئورووپا لەهەمبەر لە ئاست کوژرانی کەسێکی ڕەشپێستی ئامریکاییدا کردووە. ئەمە لە حاڵێکدایە کە پێش فەرمایشەکەی ”زەریف” بەرپرسانی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا کوژرانی ”فلووید”یان، بەتوندی مەحکووم کردبوو و ئەو کردەوەی پۆلیسی ئامریکایان بە رق و قین بەرامبەر بە ڕەشپێستەکانی ئەو وڵاتە ناوبردبوو.
ئەو قسانەی محەممەدجەوادی زەریف، لە کاتێکدایە کە لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا ڕۆژانە خەڵکێکی زۆر بێتاوان بە بیانووی جوراوجۆر دەکوژرێن، لەسێدارە دەدرێن، کۆڵبەران لەسەر پەیداکردنی بژیوی ژیان دەکوژرێن، جیابیران و ئازادیخوازان ئەشکنجە و ئازار دەدرێن و تێرۆر دەکرێن. هەر لە خۆپێشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاویدا، بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆیتێرز ١٥٠٠ کەس بە دەستی مەئموورانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئیران کوژران .
جەوادی زەریف ئەگەر لەسەر کوژرانی کەسێکی ئەمریکایی بەدەستی پۆلیسی ئەمریکا وەدەنگ دێ،لە حاڵێکدایە کە یاسای ئەو وڵاتە پۆلیسەکانی داوەتە دادگا و سزای بەسەردا سەپاندوون، بەڵام سپای پاسدارانی ئەو ڕێژیمە بە مووشەک فڕۆکەی ئۆکڕایینی دەخاتە خوارەوە و ١٧٦ کەس بێ هیج سووچ و تاوانێک دەکوژێ و هەر لە هەمان کاتیشدا حاشای لێدەکا و تا ئێستاش ئیزن نادات کە لیژنەیەکی تایبەت لێکۆلینەوە لەو ڕووداوە بکا و سندووقە ڕەسەی فرۆکەکە ڕادەستی وڵاتی ئۆکڕاین ناکاتەوە.
زەریف لە کاتێکدا باسی کوژرانی هاووڵاتییەکی ئەمریکایی دەکا کە هەر مانگێک پێش ئێستا لە سنووری ئەفغانستان پەنجا کەسی بێ پەنا و بیتاوان لە لایەن پۆلیسی ئێرانەوە خرانە نێو رووباری “هەریڕوود” و ٢٥ کەسیان خنکاون کە تا ئێستاش تەرمی بەشێکیان نەدۆزراوەتەوە.
وادیارە زەریف لەبیری چۆتەوە کە هەر چەند ڕۆژ بەر لە ئێستا ” ئاسیە پەناهی” ژنێکی بێ پەنا و بێدەرەتان لە کرماشان لە لایەن کارمەندانی شارەوانی ماڵەکەی بەسەردا ڕووخێنرا و گیانی لێ ستینرا و لێپرسینەوەش لە کەس نەکرا.












