“علی جلالیان” باوکی زێنەب جەلالیان باسی لە هێشتنەوەی زێنەب لە زیندانی قەرچەکی وەرامین کرد و گوتی پەرەوەندەکەی ڕەوانەی دادگای تاوانەکانی تاران دەکرێ، لە کاتێکدا هۆکارەکەی نازانێ.
هەروەها گوتی کە دۆخی گرتووخانەی قەرچەک لەم کاتەدا بۆ گیراوان گونجاو نییە و لەکاتی پێوەندی تەلەفوونیدا زێنەب بە ئێمەی گوتوە کە ئاگادار نین بۆچی لە زیندانی “خۆی”ەوە ڕەوانەی ئێرە کراوم.
باوکی ئەو گیراوە سیاسیە وێڕای نیگەرانی لە دۆخی کچەکەی داوای کرد کە کۆتایی بەو گوشارانە بێنن.
زێنەب جەلالیان زیندانی سیاسیی کورد، ڕۆژی چوارشەمە ١٠ی بانەمەڕی ٩٩ی هەتاوی، لە زیندانی خۆیەوە ڕەوانەی زیندانەکانی ورمێ، کرماشان و ئەڤینی تاران کرا و دواتر گوازرایەوە بۆ زیندانی قەرچەکی وەرامین و ئێستاکە لە بەشی قەرنتیەدا ڕاگیراوە.
ناوبراو لە مانگی ڕەشەممەی ٨٦ ی هەتاوی، لە کرماشان دەسبەسەر کرا و بە تۆمەتی ئەندامێتیی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا و دواتر لە دادگای پێداچوونەوەدا سزاکەی کرایە زیندانی هەتاهەتایی.