دادوەرێکی “فێدێراڵ” لە ئەمریکا، دوو ڕێژیمی ئێران و سووریەی وەک بەرپرسیار لە بەرانبەر هێرشەکانی ساڵەکانی ڕابردووی گرووپە تێرۆریستییە فەلستینییەکان بۆ سەر خەڵکی مەدەنی لە ئیسرائیلدا زانی.
ئەو دادوەرە فێدێراڵەی واشنتۆن ڕایگەیاندوە کە بنەماڵەی دانیشتووانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا و قوربانییانی ئەو هێرشانە دەبێ قەرەبوو بکرێنەوە.
لە کۆی ٥٧ کەس کە سکاڵایان لە سەر ئەو پەروەندەیە تۆمار کردوە، ٤٤ کەسیان خەڵکی ئەمریکا یان ئەمریکایی- ئیسرائیلین.
ئەو کەسانە سکاڵایان لەسەر وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران و ڕێژیمی سووریە، بەهۆی بەرپرسیاربوون لە بەرانبەر ٧ هێرشی کوشندە لەلایەن میلیشیا چەکدارە فەلستینییەکانەوە کە لە نێوان ساڵەکانی ٢٠٠٨ تا ٢٠١٦ی زایینیدا ئەنجام دراوە، تۆمار کردوە.
ئەو کەسانەی سکاڵایان تۆمار کردوە لە دادگادا، بە هێنانەوەی بەڵگە و هۆکار سەلماندوویانە کە ڕێژیمی ئێران و ڕێژیمی سووریە بە یارمەتیدانی دوو گرووپی تێرۆریستیی “حەماس” و “جەهادی ئیسلامی”، هەوڵی کوشتنی هاووڵاتییانی ئەمریکاییان داوە.
ڕێژیمی ئێران و سپای تێرۆریستی پاسداران بەردەوام وەکوو سیاسەتێکی بنچینەیی و نەگۆڕ بۆ پاراستنی ڕێژیم و هەروەها بەڕێوەبردنی پرۆژەی هەناردەکردنی شۆڕش و دژایەتیکردنی زلهێزانی جیهانی، هەوڵی داوە لە ڕێگای میلیشیا و گرووپە تێرۆریستییەکانیەوە لە وڵاتانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهاندا کردەوەی تێرۆریستی ئەنجام بدا و بەردەوام خەریکی نانەوەی شەر و ئاژاوەیە.












