“عەلی عەباس نژاد” فەرماندەی یەکینەکانی پاراستنی سەرچاوە سروشتییەکان دەڵێ: لەسەتا ٩٠ی ئاگر کەوتنەوەکان بە ئەنقەستە و هۆکاری ئینسانی لە پشتە.
دارستانەکانی زاگرۆس ماوەی دوو حەوتوویە کە بەردەوام لە ئاگردا دەسووتێن و خەڵکی ناوچەکان و ژینگەپارێزان بە تەنیا و بەدەستی بەتاڵەوە هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکە دەدەن، بەڵام نەک هەر نەیانتوانیوە کۆنترۆڵی بکەن بەڵکوو ئاگرتێبەردانی دارستانەکان ڕۆژ بەڕۆژ زیاد دەکا و ڕووبەرێکی زیاتر دەگرێتەبەرو ڕێژیمی گەندەڵ و مافیای سپای پاسداران ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ هۆکاری سەرەکی ئاگرتێبەردانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن.
شایانی باسە کە ڕوانینی ئەمنییەتی کۆماریی ئیسلامیی ئێران بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بە تاڵانبردنی داربەڕووەکان بۆ شیرکەتی پیشەسازیی ئاستانی قودسی ڕەزەوی و لێدانی تونێل و بەنداو و بنکەی سەربازیی سپای پاسداران و هەروەها ترس لە جێگیربوونی هێزی پێشمەرگە لەو دارستانانەدا، بەشێکن لە هۆکاری ئاگرتێبەردانی دارستانەکان لە لایەن ڕێژیم و دەستوپێوەندییەکانیانەوە و بەشێکیشی بۆ کەمتەرخەمیی و خەمساردی خەڵکی بەرژەوەندیخواز دەگەڕیتەوە