شاندی حیزبی دێموکراتی کوردستان که له کۆنفڕانسی ساڵانه‌ی حیزبی کرێکاری بریتانیادا به‌شداره، له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی کۆمه‌ڵێک حیزب‌و لایه‌نی سیاسی دیدار‌و چاوپێکه‌وتنی کرد.
به‌پێی راپۆرتی ناوه‌ندی هه‌واڵی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی حیزبی دێموکڕات ڕۆژی سێشه‌ممه، ٧ ی ڕهزبهرو له دووهه‌م ڕۆژی به‌رنامه‌کانی فستیڤاڵی ساڵانه‌ی حیزبی کرێکاری بریتانیادا جێرمی کۆربین، سەرۆکی لیبەر پارتی قسه‌ی کرد‌و له‌سه‌ر چه‌ند باسێکی نێوخۆیی حیزبهکهیو پرسه گرینگه جیهانییهکانو یه‌ک له‌وان قه‌یرانی پهنابهرانو سیاسه‌تی حیزبهکهیو وڵاته‌که‌ی بۆ به‌شداران دوا.
له به‌شی دووهەمی کۆبوونەوەکهشدا که بۆ پرسیار‌و وەڵام ته‌رخان کرابوو، خاتوو هیلاری بێن، وەزیری دەرەوەی بریتانیا (لە سێبەر)، خاتوو دایان ئەبۆت، وەزیری پەرەپێدانی نێونەتەوەیی‌و خاتوو لیندا مەک ئەفێن ئەندامی لیبەر پارتی لە پارلمانی ئو‌وروپا وه‌ڵامی پرسیاری به‌شدارانی کۆبوونه‌وه‌که‌یان دایه‌وه.
له‌و به‌شه‌ی کاری کۆنفڕانس‌دا مەولوود سوارە، ئه‌ندامی ڕێبه‌ریی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بەناوی حیزبی دێموکراتی کوردستانه‌وه پیرۆزبایی هەلبژاردنی سەرۆکی حیزبی کرێکاران‌و هەروەها کابینەی تازە کرد‌و؛ پاشان باسی لە به‌رده‌وامیی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لەئێران، بەتایبەت کوردستانی کرد.
مه‌لوود سواره گوتی: پێچه‌وانه‌ی چاوه‌ڕوانییه‌کان بەهاتنە سەرکاری حەسەن ڕوحانی لەسێدارەدان‌و گیرانەکان لە ئێران، به تایبه‌ت ئێعدامی چالاکانی سیاسیی کورد له ئێران زیادی کردوەو، هەر ئیستا لە شاری سنه ١٢٠ کەس له ژێر په‌تی سێداره دان. نوێنه‌ری حیزبی دێموکڕات پرسیاری ئه‌وه‌ی کرد که ئایا ئێوه وه‌ک حیزبی کارگەر لەو پیوەندییەدا هیچ دەستوری کارێکتان لەسەر مێزەکەتان هەیە؟
هیلاری بێن لە وەڵامی ئەم پرسیارەی نوێنەری حیزب‌دا گوتی کە ئێمە وەك حیزبی کارگەر لایه‌نگری لەهیچ جۆرە ئیعدامێك لەژێر هیچ ناوێکو بەهیچ پاساوێكدا ناکەین، حوکمی ئێعدام‌و جێبه‌جێکردنی لەلایەن ئێمەوە مەحکومەو هەر وەك لەقسەکانی جێرمی کوربین، سەرۆکی لیبەر پارتیدا هات؛ ئێمە پاڵپشتی لە مافی مرۆڤ دەکەین جا ئەوە لەئێران بێ یا هەر شوێنکی دیکەی دونیا. لەپیوەندی لەگەل ئەو ئیعدامانەدا من خۆم دووڕەگەمو نیوەم ئەمریکایی‌و نیوەم ئینگلیزیە، بەداخەوە ئێستا لەزۆر ویلایه‌تی ئەمریکاشدا ئیعدام هەیەو؛ ئهمنو حیزبەکەمو سیاسەتمان دژی لەسێدارەدانین لەژێر هەر ناوێك‌دا بێ.
نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستان هه‌روه‌ها لە پەراوێزی ئەم کۆنفرانسەدا کۆمەڵێک دیدار‌و چاوپێکەوتنی لەگەڵ بەشێک لە بەرپرسان‌و کاربەدەستانی بەشدار لە کۆنفرانسەکەدا پێک هێناو له‌و دیدارانه‌دا باسی لە کێشەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان‌و مەسەلەی مافی مرۆڤ لە ئێران‌و ژمارەی زۆری ئێعدامەکان کرد. بەشێك لەو دیدار‌و چاوپێکەوتنانه‌ی نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە کۆنفرانسی ساڵانەی حیزبی کارگەری بریتانیا بریتی بوون له:
دیدار له‌گه‌ڵ لین مەک نیکۆل، سکرتێری گشتی حیزبی کارگەر؛ دیدار له‌گه‌ڵ جۆ بلاک مەن، بەرپرسی نێونەتەوەیی حیزبی کارگەر؛ دیدار‌و چاوپێکه‌وتن له‌گه‌ڵ خاتوو ئانکلۆد، ئەندامی پارلمانی بریتانیا؛ دیدار له‌گه‌ڵ یۆشیفومی ئۆهۆری، سکرتێری یەکەمی کۆنسولی ژاپن؛ دیدار له‌گه‌ڵ جێرمی کۆربین، سەرۆکی حیزبی کارگەر؛ دیدار له‌گه‌ڵ کاروان جەمال، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان له بریتانیا؛ دیدار له‌گه‌ڵ هیلاری بێن، وەزیری دەرەوەی بریتانیا (لە سێبەر)و؛ دیدار له‌گه‌ل لویس ئەیالا، سکرتێری ئەنترناسیونالی سۆسیالیست.
شایانی باسه لەسەر بانگهێشتی ڕەسمیی حیزبی کرێکاری بریتانیا (لیبەرپارتی) هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی بریتانیا پێکهاتوو لە مەولوود سوارە، ئەندامی ڕێبەری‌و نوێنەری حیزب لەو وڵاتەو، کەیوان شیرزاد ئەندامی کومیتەی حیزب، له لە کۆنفرانسی سالانەی ئه‌و حیزبه‌دا به‌شدار بوون که لە شاری برایتۆن به‌ڕێوه‌چوو.