چالاکێکی مەدەنیی خەڵکی سەردەشت سزای دوو ساڵو ٦ مانگ زیندان ی بەسەردا سەپا.
لقی ١٠ی دادگای پێداچوونەوەی ورمێ، بڕیاری دادگای بەرایی بۆ سەپاندنی ٣٠ مانگ زیندان بەسەر “پێشەوا ساڵح زادە”ی وەک خۆی پەسەند کردەوە.
پێشەوا ساڵح زادە، چالاکێکی مەدەنیی شاری سەردەشت پێشووتر لە لایەن لقی ٢ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مهابادەوە بە ٢ ساڵو ٦ مانگ مەحکووم کرابوو.
بەپێی زانیارییەکان دادگای شۆڕشی شاری مەهاباد پێشەوا ساڵحزادەی بە هەوڵدان دژ بە ئەمنیەتی نیشتمانیی ئێران، ئەندامەتیی حیزبێکی سیاسیی دژبەری کۆماری ئیسلامیو تەبلیغات دژ بەو ڕێژیمە تۆمەتبار کردبوو.
ساڵح زادە کە ئەندامی دامەزرێنەرو بەرپرسی ڕێکخراوی ناحکوومی “تیڕۆژ”ی سەردەشتە، ڕۆژی ٦ی ڕەشەممەی ساڵی ڕابردوو، لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی مهابادەوە قۆڵبەست کراو، دواتر بە بڕیاری قازی زاهیری، لێکۆڵەری لقی دووی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مهاباد، بۆ ماوەی ٥٠ ڕۆژ لە زیندانی تاکەکەسیدا دەستبەسەر کرابوو.
دادگای مهاباد ئەو چالاکە سیاسیو مەدەنییە کوردەی بە ڕێکخستنو بەشداری لە ڕێپێوانە ناڕەزایەتییەکەی شاری مەهاباد بە پشتیوانی لە کۆبانێ، کۆبوونەوە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین سەبارەت بە ڕەوشی منداڵانی شیناوێ تۆمەتبار کردووە. هەروەها بەشداریی ئەو چالاکە سەردەشتییە لە هەڵمەتی پۆشینی جلوبەرگی ژنانە دژ بە سووکایەتیکردن بە ژنان لە مەریوانیش، وەک پڕۆپاگەندە دژ بە کۆماری ئیسلامیو تێکدانی ئەمنیەتی گشتی لێکدراوەتەوە.
سەرچاوە: NNSROJ