له ماوه‌ی چه‌ند ده‌یه‌ی ڕابردوودا بۆ یه‌که‌مجار ئاوی کانیی قه‌ره‌داغ، سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌کیی دابینکردنی ئاوی تاڵاوی نێونه‌ته‌وه‌یی کانیبهرازان له مه‌هاباد ویشک بوو.
ئه‌و کانییه له یه‌ک کیلۆمیتریی تاڵاوی کانیبهرازان هه‌ڵکه‌وتووه‌و به‌هۆی له که‌میدانی سه‌رچاوه ژێرزه‌وییه‌کانی ئاو‌و لێدانی ده‌یان چاڵاوی بێ مۆڵه‌ت ویشک بووه.
وه‌ک خه‌ڵکی ئه‌و ناوچه‌یه ده‌ڵێن ئاوی ئه‌و کانییه له‌و ساڵانه‌شدا که ناوچه‌که به‌ره‌وڕووی وشکه‌ساڵیی زۆریش بۆته‌وه هێشتا ویشک نه‌بوه‌و به‌شێک له ئاوه‌که‌ی به زنهکێشو کاناڵ ڕژاوه‌ته نێو تاڵاوه‌که. له‌لایه‌کی دیکه‌وه ویشکبوونی ئه‌و کانییه له حاڵێکدایه که نیوه‌ی ڕووبه‌ری تاڵاوی کانیبهرازان به‌هۆی گه‌رماو هه‌ڵمی زۆره‌وه ویشک بووه‌و قووڵایی ئاوه‌که‌ش له به‌شه‌کانی دیکه‌ی تاڵاوه‌که گه‌یوه‌ته یه‌ک میتر.
مه‌ترسییه‌کانی سه‌ر ویشکبوونی ئه‌و تاڵاوهش له حاڵێک دایه که تاڵاوی کانیبهرازان هه‌موو ساڵێ خانه‌خوێی هه‌زاران مه‌لو په‌له‌وه‌ری کۆچه‌ری له ناوچه‌کانی باکووری ئورووپا‌و وڵاتانی سکاندیناوییهو ویشکبوونی به‌شێک له‌و تاڵاوه کێشه‌ی خواردن‌و خۆراک بۆ ئه‌و په‌له‌وه‌رانه دروست ده‌کا.
تاڵاوی کانی به‌رازان به ڕووبه‌ری ٩٢٧ هێکتار له ٣٠ کیلۆمیتریی باکووری مه‌هاباد هه‌ڵکه‌وتووه‌و یه‌کێک له تالاوه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان له ئێرانه.