چوار حیزبو لایەنی سیاسیی کوردی بە مەبەستی پلاندانان بۆ کاری هاوبەش لە زوریخی سوئیس کۆبوونەوە.
ڕۆژی یەکشەممە، ٥ی ڕەزبەر ( ٢٧ ی سێپتامبر ) لە شاری زوریخی وڵاتی سویس، چوار حیزبو لایەنی کوردستانیو ئێرانی بۆ باس لە سەر داڕشتنی پلانو بەرنامە بۆ هاوکاری زیاتر لە داهاتوو داپێکەوە کۆبوونەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی هەواڵی دەرەوەی وڵات لەو دانیشتنەدا کە بەبەشداریی نوێنەرانی حیزبی دیموکراتی کوردستان، کومەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، کانونی پەنابەرانی ئێرانیو ڕێکخراوی دایکانی ئازادی بەڕێوەچوو، هەموو لا کۆک بوون لە سەر پێیوستیی پێکهێنانی بەرەیەکی تۆکمە لەو وڵاتە بۆ دژایەتیی زیاتری سیاسەتە دژی گەلییەکانی ڕژیمی ئیسلامی ئێرانو لە قاودانی پیلانو بەرنامە دژی مرۆڤایەتییەکانی ئەو ڕێژیمە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا باس لە داڕشتنی پلانێکی هاوبەش کرا بۆ ڕێکخستنی خۆپیشاندانو ئاکسیۆنەکانی داهاتوو، بە تایبەت لە کاتە پێویستەکانی وەک ئێعدامی بەندکراوانی سیاسی یان هەر ڕووداوێکی نەخوازراوی دیکە کە لەلایەن ڕێژیمەوە ببێتە مەترسی بۆ سەر گیانی خەباتکارانی نێوخۆ و چالاکانی سیاسی. هاوکات پێداچوونەوەو خەسارناسییەک کرا بۆ ئەو چالاکییانەی کە لە ساڵانی ڕابردوو دا بە هاوکاریی هەموو لایەک کراونو پێ لە سەر ئەوە داگیراوەیە کە بە چاوپێداخشاندنەوە بە کارەکانی ڕابردوودا هەوڵی لابردنی کەمووکوڕییەکان بدرێو ڕیزی خەباتکاری دژ بە ڕژیمی ئیسلامی تۆکمە تر بکرێ.
داکۆکی لە مافەکانی مرۆڤو یەک لەوان مافەکانی گەلی کورستان تەوەرێکی دیکەی باسەکانی ئەو دانیشتنە بوو کە ئهحمهد ڕهسوڵی، بهرپرسی کومیتهی زوریخ؛ ڕهحمهت ئیبراهیمیو خوسرەو مستهفانژاد ئهندامانی کومیته بە نوێنەرایەتیی کۆمیتەی سوئیسی حیزبی دێموکڕات تێیدا بەشداربوون.
هەر هەمان ڕۆژ له سهر بانگهێشتی بهشی کلتوریی نهتهوهکانی نیشتهجێ لە وڵاتی سوئیسو بە تایبەتی شاری زوریخ، هەیئەتیكی کومیتەی حیزبی دیموکراتی کوردستان بەشداریی کۆبوونەوەیەکیان کرد کە ئەو ڕێکخراوەیە بۆ کۆکردنەوەو لێک نزیککردنەوەی نەتەوەکانی جێگیر لەو وڵاتە پێکی هێنا بوو.
لەو کۆبوونەوەیەدا کە نوێنەرانی چەندین نەتەوەی دیکەی جێگیر لەو وڵاتە تێیدا بەشدار بوون، باس لە هاوکایو نزیکایەتیی زیاتری نەتەوەکان بۆ بنیاتنانی داهاتوویەکی ڕووناکو گەش بۆ منداڵو نەوەکانی داهاتوو و، هاوکاری و هاودەنگی زیاتر لە نێوان نەتەوە جیاوازەکانی نێشتەجێی ئەو وڵاتە.