وەزیری تەندروستیی ئێران ڕایگەیاند کە ئەگەری ئەوە هەیە ئاماری گیانلەدەستدانی ڕۆژانە بە کۆڕۆنا ببێتەوە سێ ژمارەیی، واتە لە ڕۆژانە لە ١٠٠ کەس تێپەڕێ.
ڕۆژی دووشەمە، ١٢ی جۆزەردانی ٩٩ی هەتاوی، “سەعید نمەکی” وەزیری تەندروستیی ئێران، ڕەخنەی لە ڕەچاونەکردنی ڕێوشوێنی بێهداشتی لە زیارەتگەکان و سەفەرە هەواییەکاندا گرت، بەڵام ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی کۆڕۆنا لە پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی، لە سنووردارکردنی کات بۆ زیارەتگەکان ڕەخنەی گرتوە و پێیوایە کە دەبێ کاتەکان زیاتر بکرێن و سنووردار نەبێ.
“سەعید نمەکی” وتی بەداخەوە هێندێک لە بەرپرسان پێیانوایە کە کۆڕۆنا تەواو بووە و من دەخەنە ژێر گوشارەوە کە دەبێ شوێنە گشتییەکان بکرێنەوە، وادەزانن دۆخەکە ئاسایی بووەتەوە لە حاڵێکدا کە پەرەسەندنی کۆڕۆنا لە چەند پارێزگای سیستان و بلووچستان، کرماشان و هورمزگان، ڕوو لە زیاد بووندایە و هیچ کەمی نەکردوە و ئەگەری ئەوە هەیە کە ئاماری گیانلەدەستدانی ڕۆژانە بە کۆڕۆنا لە دوو ڕەقمی ببێتەوە بە سێ ڕەقەمی کە ئەوەش جێی نیگەرانییە.
ناوبراو هۆی زۆربوونی کۆڕۆنای لە ناوچە گەرمەکاندا بۆ کۆبوونەوە لە شوێنی داخراو و ژێر کۆلێری ئاوی و گازییەکاندا و نەبوونی هەوای پێویست و ڕەچاو نەکردنی فاسیلە لەو شوێنانە گەڕاندەوە.
بەپێی هێندێک لە سەرچاوەکانی هەواڵ، بڵاوبوونەوەی کۆڕۆنا لە بەشێک لە ناوچە گەرمەسێرەکانی ئێراندا لە دۆخێکی نائاسایی و هەستیاردایە.
شایانی باسە کە بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئێران ژمارەی تووشبووان بە کۆڕۆنا سنووری ١٥٤هەزار کەسی تێپەڕاندوە و زیاتر لە ٧ هەزارو ٨٠٠ کەسیش گیانیان لە دەست داوە.