خوشکی دوو شەهیدی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ناوچەی “چۆمی مەجیدخان”ی مەهاباد ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵێک کە بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان گەیشتوە، ڕۆژی یەکشەممە، ١١ی جۆزەردانی ٩٩ی هەتاوی، لە گوندی “سەرچنار”ی ناوچەی چۆمی مەجیدخانی سەر بە شاری مهاباد، “خاتوون بەقاڵ” خوشکی شەهیدان “عوسمان بەقاڵ و محەممەد بەقاڵ” کۆچی دوایی کرد.
شەهیدان “عوسمان بەقاڵ و محەممەد بەقاڵ” ساڵی ٦٠ی هەتاوی، لە گەڵ دوو کەسی دیکە بە ناوەکانی “عومەر چاوە” و “خالید ئاقایی”، لە لایەن هێزە جنایەتکارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کاتی کارکردن لە مووچە و مەزرادا دەسبەسەر کران و دوای ڕۆژێک بە بێ دادگایی کردن و بە جورمی کورد بوون لەسێدارە دران.
خاتوون بەقاڵ دایکی هاوڕێمان “حامید خانزاد”ی بوو کە ساڵانێکە لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا خەریکی خەبات و تێکۆشانە.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی “خاتوون بەقاڵ” و کاک حامید خانزادی و خەڵکی گوندی سەرچنار و ناوچەی چۆمی مەجیدخان دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.