ئیداره‌ی ئیتلاعاتی سنه‌و ده‌زگای قه‌زایی رێژیم له‌و شاره هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌یان له به‌ختیار مێعماری کردوه بێتوو هاوکاریی ئیداره‌ی ئیتلاعات نه‌کا ئێعدام ده‌کرێ.
به‌پێی ڕاپۆرتی ماف‌نیوز هێزه‌کانی حیفازه‌تی ئیتلاعاتی زیندانی سنه له چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا به‌ختیار مێعماری، زیندانیی سیاسیی کوردی مه‌حکوم به ئێعدام‌یان بانگ کردووه‌و پێیان گوتوه ئه‌گه‌ر هاوکاریی وه‌زاره‌تی ئیتلاعات بکا حوکمه‌ی ده‌شکێ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر مل بادا، ئه‌وا حوکمی ئێعدامه‌که‌ی پێش ده‌خرێ‌و له‌سه‌ری جێبه‌جێ ده‌کرێ.
به‌پێی ئه‌و ڕاپۆرته وه‌زاره‌تی ئیتلاعات ئه‌وه چه‌نده‌مین جاره داوای هاوکاری له به‌ختیار مێعماری ده‌کا، به‌ڵام هه‌موو جارێ ناوبراو ئه‌و داوایه‌ی ڕه‌د کردۆته‌وه.
به‌ختیار مێعماری ته‌مه‌ن ٤٠ ساڵ خه‌ڵکی مه‌ریوانه‌و گه‌لاوێژی ساڵی ٨٩ له‌لایه‌ن ناوه‌نده ئه‌منیه‌تییه‌کانه‌وه دهستبهسهرو دوای دادگایی‌کرانی به ئێعدام مه‌حکووم کرا.
ناوبراو دوای گیرانی بۆ ماوه‌ی 3 مانگ له زیندانی ئینفڕادیی ئیداره‌ی ئیتلاعات لێپیچینه‌وه‌ی لێکراو له دادگای شۆڕشی شاری مه‌ریوان به تۆمه‌تی دژایه‌تیی خودا دادگایی‌و به بڕیاری دادوه‌ر لوتفی سزای ئێعدامی به‌سه‌ردا سه‌پا.