“حەسەن ساڵحی”، تێکۆشەری دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە بانە کۆچی دوایی کرد.
بەپێی هەواڵێک کە بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان گەیشتوە، ڕۆژی یەکشەممە، ١١ی جۆزەردانی ١٣٩٩ی هەتاوی، “حەسەن ساڵحی”، ناسراو بە “حەسەنە سوور”، خەڵکی” کێلێ”، بە هۆی نەخۆشی لە شاری بانە کۆچی دوایی کرد.
کاک حەسەن هەر لە سەرتای لاوەتییەوە هەستی بە چەوسانەوەی گەلەکەی کرد و بە داخەوە بە هۆی هەژاری بنەماڵەکەیەوە لە خوێندن بێبەش بوو. لە ساڵی ١٣٥٢ی هەتاوییەوە پێوەندی بە تەشکیلاتی نهێنی حیزبی دیموکراتی کوردستانەوە گرت و تا شۆڕشی گەلانی ئێران دژ بە ڕێژیمی پاشایەتی، ماڵەکەی بنکەی کۆبوونەوە و خۆ حەشاردانی تێکۆشەرانی دێموکرات بوو.
پاش ڕووخانی دەسەڵاتی پاشایەتی و ئاشكرا بوونی تێکۆشانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ناوچەی بانە، کاک حەسەن پێوەندی بە تەشکیلاتی ئاشکرای حیزبەوە گرت و لە سەروبەندی شەڕی داسەپاوی ڕێژیمی ئیسلامی لە ساڵی ١٣٥٩ی هەتاویدا بە ڕەسمی چەکی پێشمەرگایەتی کردە شان و هاتە ڕیزی پێشمەرگەکانی هێزی شەهیدانی وێردییەوە و لە کۆمیتەی بابۆسی ناوچەی بانە، وەک کادری ئەو کۆمیتەیە ئەرکی پیرۆزی پێشمەرگایەتی بەڕێوە برد.
کاک حەسەن یەکێک لەو کادرە ناسراو و خۆشەویستانەی ناوچەی “بابۆس”، بە تایبەت گوندەکانی “چەمی بۆیەن” و ناوچەی “کێلێ” بوو، کە دەوری کاریگەری هەبوو لە ڕاکێشانی خەڵکی ئەو ناوچەیە بۆ نێو ڕیزەکانی حیزب و هاوکات چارەسەری کێشە کۆمەڵایەتییەکان لەو ناوچەیە. ناوبراو مرۆڤێکی ئازا و لە خۆبووردوو و خۆنەویست بوو، بەوپەڕی سەخاوەتەوە شانی دابووە بەر خەبات و تێکۆشان. تا سەرەئەنجام ساڵی ١٣٦٥ی هەتاوی لە سەر ئیزنی حیزب چووەوە گوندی کێلێ و ژیانی ئاسایی خۆی دەست پێکردەوە، بەڵام پاش چوونەوەشی و تا دواساتەکانی ژیانی، بە ئامانج و ڕێبازی پیرۆزی شەهیدان و حیزبی دێموکراتی کوردستان وەفادار مایەوە.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دیموکراتی کوردستانەوە، سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی بەڕێزی کاک حەسەن و خزم و کەسوکاری دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.