ئەم بەیانییە خەونم بینی، گەڕابوومەوە بۆ سەردەمی ڕووتەڵەیی و مێرمنداڵی خۆم، جاڕچی جاڕییان دەدا، شار خرۆشابوو، دار و بەرد و بوونەوەر و مرۆڤ دەگریان، شەقام و بن دیوارەکان بۆنی خوێنی لاوانی کوردیان لێ دەھات .
خەونی ئەم بەیانییەم بۆ بەر لە ٣٨ ساڵ لە ناو خۆیدا نغرۆی کردم، بۆ ٥٩ لاوی شارەکەی حەزرەتی پێشەوا دەریای فرمێسکم ھەڵدەڕشتن، ئەوکات نەمدەزانی سێدارە و گوللەباران چین، منیش وێڕای خەڵکی دەگریام و ئاخم ھەڵدەکێشان !
ئەم بەیانییە لە زیندە خەوی خەونی ٣٨ ساڵ لەمەوبەردا بووم، کە جاڕچی سەڵای شەھید بوونی ٥٩ لاوی سابڵاغی یەکەم پێتەختی کۆماریان دەدا !
٥٩ گوڵ ژاکان، خوێنیان تێکەڵ بە خاکی نیشتیمان کرا، بەڵام بەری داری خوێنی ئەو بەو ٥٩ لاوە شەھیدە، بوو بە بورکانی گڕ و تۆڵە …
لەھێزی بێستووندا بە تۆڵەی ٥٩ گوڵی ھەڵوەریوی شاری پێشەوا، ٥٩ عەمەلیاتی دوژمن تۆقێن ئەنجام درا، ھەر ڕۆژە و ھەواڵی تۆڵەی خوێنی لاوێکی مەھابادیمان دەبیست، ٥٩ چالاکی پێشمەرگانە، تۆڵە بوو بۆ خوێنی ڕژاوی ئەو پەنجا و نۆ لاوەی ئەم نیشتیمانە !
ھەموو ساڵێ لە مانگی جۆزەرداندا خەمی وەرزی خەزەڵوەری ٥٩ گوڵی ژاکاوی شاری پێشەوا دەمانھەژێنێ، کانیاوی فرمێسکەکانمان دەژینەوە، لە ناخماندا پەیمانی ئەمەگ و وەفاداری بۆ ڕێبازیان بە ڕواندنی گوڵە شلێرەیەکی سووری جوانی نیشتمان لە سەر گڵکۆیان نوێ دەکەینەوە .