“محەممەدجەواد ئازەری جەهرومی”، وەزیری پێوەندی و تێکنۆلۆژیی زانیاریی ئێران، ڕایگەیاند کە تەنیا بۆ یەک پرۆژە زیاتر لە ١٠٠ هەزار میلیارد تمەن بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی تۆڕی نیشتمانیی زانیاری خەرج کراوە.
“محەممەدجەواد ئازەری جەهرومی”، ڕایگەیاند ئەو پارەیە ٢٦ بەرابەری بودجەی وەزارەتی پێوەندییەکان و ٦٦ بەرابەری بودجەی وەزارەتی شوێنەوارە فەرهەنگی و کولتووریەکان و گەشتیاری ئێران لە یەک ساڵ دایە.
ناوەندی توێژنەوەکانی مەجلیس پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندبوو کە دەوڵەت تا ئێستا بۆ تۆڕی نیشتمانیی زانیاری ١٩ هەزار میلیارد تمەنی خەرج کردوە.
وەزیری پێوەندییەکان، ڕۆژی شەممە، ١٠ی جۆزەردانی ٩٩ی هەتاوی، لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵدەریی ئیرنا، بە ئاماژە کردن بە ڕاپۆرتی ناوەندی توێژینەوەکانی مەجلیس، گوتی کە ئەو پارەیە زۆر زیاتر لەو ڕادەیەیە کە باسی لێکراوە و تەنیا بۆ یەک بەش ١٠٠ میلیارد تمەن خەرج کراوە.
ئازەری جەهرومی، ئاماژەی بەوەش کرد کە پەرەپێدانی ژێرخانی پەدافەندی یەکی دیکە لە هۆکارە گرینگەکانە بۆ پەرەپێدان بە تۆڕی نیشتمانی زانیاری و بەم زووانە ناوەندێکی گەورە لەو پێوەندییەدا لە تاران و تەورێز دەکەینەوە.
حکومەتی ئێران چەند ساڵە گەڵاڵەیەکی بە دەستەوەیە بە نێوی “تۆڕی نیشتمانیی زانیاری” کە ئامانجیان دروستکردنی تۆڕێکە کە پێوەندیی بە ئینتێرنێتی جەهانییەوە نەبێ.
چالاکانی مافی مرۆڤ و ناوەندەکانی چالاک لە بواری ئازادیی زانیاری لەو بارەوە نیگەرانیی خۆیان دەربڕیوە، بەڵام کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێن کە ئامانجیان ئەوە نییە کە خەڵکی ئێران دەستیان بە ئینتێرنێتی جیهانی ڕانەگا. ئەوە لە حاڵێکدایە کە کاربەدەستانی ئێران تا ئێستا چەند جار مانۆڕی بڕینی ئینترنێتیان بەڕێوە بردوە، بۆ نموونە لە خۆپێشاندانەکانی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاویدا کە خەڵک بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بە گرانبوونی نرخی بێنزین هاتنە سەر شەقامەکان، کەس دەستی بە ئینتێرنێت ڕانەدەگەیشت.
لە ئێران دەست پێڕاگەیشتن بە زۆربەی ماڵپەڕ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەک تویتێر، یوتویوب و فەیسبووک دژوارە و دەبێ بەکارهێنەران بۆ کەڵک وەرگرتن لەو تۆڕە کۆمەڵایەتییانە لە فیلتێرشکەن کەلک وەربگرن.