عادڵ ئه‌لجه‌بیر، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عه‌ره‌بستان وێڕای ڕه‌دکردنه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌کانی ئێران سه‌باره‌ت به ڕووداوه‌که‌ی مه‌نا ده‌ڵێ ئێران ده‌یه‌وێ که‌لکی سیاسی له‌و ڕووداوه وه‌ربگرێ.
له ڕووداوه‌که‌ی مه‌نا له ڕێوڕه‌سم حه‌جی ئه‌مساڵدا ٧٦٩ که‌س گیانیان له ده‌ست دا که ١٣٠ که‌سیان ئێرانی بوون. عادڵ ئه‌لجه‌بیر ده‌ڵێ ئێران ده‌یه‌وێ ئه‌و ڕووداوه به لاڕێدا ببا‌و ئامانجه سیاسییه‌کانی ده‌خاته پشتی.
ئه‌لجه‌بیر له کۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا له نیویۆرک گوتی: به من واباشتره که کاربه‌ده‌ستانی ئێران که‌لکی سیاسی له ڕووداوێک وه‌رنه‌گرن که تێیدا سه‌دان که‌سی بێ تاوان له کاتی به‌جێهێنانی فهرزیهکهی ئایینیی خۆیاندا گیانیان له ده‌ست دا.
قسه‌کانی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عه‌ڕه‌بستان وه‌ڵامدانه‌وه به قسه‌کانی ڕوحانی، سه‌رکۆماری ئێران بوو که له په‌راوێزی باسه‌کانی کۆڕی گشتیی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کاندا باسی له پێویستیی وڵامدانه‌وه‌ی عهڕهبستانو به‌دواداچوونی ڕووداوه‌که‌ی مه‌نا کردبوو.
ئه‌لجه‌بیر گوتی ئێمه له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ رووداوه‌که‌ی مه‌نادا هیچ له خه‌ڵکی ناشارینه‌وه، ئه‌گه‌ر که‌سێکیش هه‌ڵه‌یه‌کی کردبێ به دڵنیاییه‌وه سزا ده‌درێ. ئه‌و که دوای وتووێژ له‌گه‌ڵ جان کێری قسه‌ی بۆ هه‌واڵنێران ده‌کرد، گوتی: با له بارودۆخی ههستیارو خه‌مناکی دوای ئه‌و ڕووداوه‌دا ئێران به‌دوای به‌رژه‌وه‌ندییه سیاسییه‌کانیدا نهگهڕێو؛ هیوادارین ڕێبه‌رانی ئه‌و وڵاته ژیرانه‌تر قسه بکهنو بڕیار بده‌ن. هه‌روه‌ها واباشه چاوه‌روانی ئاکامی لێکۆڵینه‌وه‌و به‌دواداچوونی ئێمه بن.