“ڕەشید یووسفی” شاعیر و مامۆستای بیرکاریی لە شاری سنە بەهۆی نەخۆشی کۆڕۆناوە گیانی لەدەستدا.
بە پێی هەواڵێک کە بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان گەیشتوە. ڕۆژی ١٠ی جۆزەردانی ٩٨ی هەتاوی، ڕەشید یووسفی شاعیری دەروەست، ئەدیب، قسەخۆش و لێکۆڵەری دڵسۆزی بواری فەرهەنگ و ئەدەبیی کوردی لە کاتێکدا بە هەڵبەست و هۆنراوەکانی باخچەی وێژەی کوردیی دەڕازاندەوە، بەهۆی تووشبوون بە پەتای کۆرۆنا لە نەخۆشخانەی “تەوحید”ی شاری سنە بە جوانەمەرگی سەری نایەوە و توێژی قەڵەمبەدەستانی کوردی غەمبار کرد.
ناوبراو لە ساڵی ١٣٥١ی هەتاوی لە ئاوایی “میرەک”ی ناوچەی لەیلاخ لە دایکبوو، جیا لەوەی مامۆستای بیرکاریی و میعماری بوو لە دەبیرستان و خوێندنگەکانی شاری سنە و دەوروبەری، بە هاتۆچۆکردن لە کۆڕی ئەنجومەنی مەولەوی ئەوشارە و ئاشنابوونی لە گەڵ شاعیرانی ناسراو، وەکوو جەلال مەلەکشا و فەریدوون ئەرشەدی و ئیرەج عیبادی بوو بە ئۆگری شێعر و ئەدەبیی کوردی و ئەو هەستەشی لەگەڵ نیشتماندۆستی تێکەڵ کردبوو.
ناوبراو لە پەنای کاری مامۆسایەتی و هۆنینەوەی شێعر، سەرقاڵی لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی کولتوور و کەلەپووری ناوچەی لەیلاخ و ئەردەڵان بوو و هەر ئەوەش کاک ڕەشیدی لە نێو خەڵک و بەتایبەتی چینی چالاک و ئەدەبدۆست خۆشەویستر کردبوو.
ناوبراو لە سەرجەم نووسراوەکانیدا لە سۆنگەی وڵاتپارێزی و نیشتماندۆستییەوە باسی ڕووداوەکانی شار و ناوچەی خۆی دەکا و گرێی دەدات بە کوردستانێکی گەورەتر و نیشتمانی دایک.
ئەگەرچی ئەو شاعیر و لێکۆڵەرە زوو کۆچی دوایی کرد، بەڵام جێ پەنجەی بەسەر شێعری کوردی و ئەدەبیی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ هەتا هەتایە دەمێنێتەوە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای هاوخەمی خۆی لەگەڵ کەسوکار و بنەماڵەی ئازیزی ئەو شاعیرە نیشتمانپەروەرە، پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاڕاستەی بنەماڵە و توێژی قەڵەمبەدەستی دەروەستی کورد دەکات.