بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی لە پارێزگای کرماشان بەهۆی کوژرانی ژنێکی بەتەمەن بە ناوی ئاسیە پەناهی بەدەستی کارمەندانی شارەوانیی ئەو شارە ترسیان لێنشتووە و چەند کەس لە بەرپرسانی شارەوانییان دەسبەسەر کردوە.
بە پێی هەواڵی هەواڵدەرییەکانی شاری کرماشان، “ئاسیە پەناهی”، تەمەن ٥٥ ساڵ، بەهۆی دەسکورتی ژوورێکی لە یەکێک لە شوێنە گشتییەکانی گەڕەکی فەدەکی شاری کرماشان دروست کردبوو، بەڵام شارەوانیی کرماشان ژوورەکەی بەسەریدا ڕووخاند کە بوو بە هۆی گیان لەدەستدانی ناوبراو و ناڕەزایەتیی میدیایی زۆری لێکەوتەوە.
هەر لەو پێوەندییەدا “ئەمیرهومایوون دەوڵەتشاهی”، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی شارەوانی کرماشان، سەبارەت بە گیان لەدەستدانی ئاسیە پەناهی، ژنە بێسەرپەنا کرماشانییەکە، دەڵێ: “تووندوتیژی زۆر و گازی فرمێسکڕێژ بەکارهاتووە کە بۆتە هۆی گیان لەدەستدانی ناوبراو.”
بەهۆی هەستیاربوونی بیروڕای گشتی بەم بابەتە بە بڕیاری پارێزگاری کرماشان چوار کەس لە بەرپرسانی شارەوانی کرماشان لەسەر کارەکانیان لادران و ئەگەری ئەوە هەیە بەرپرسێکی دیکەش لەسەر کار لابدرێ. ڕۆژی شەممە بە بڕیاری سەرۆکی دادی پارێزگای کرماشان دوو کەس لەو بەرپرسانە دەسبەسەر کران.
“عەلی پەناهی”، برای ئاسیە دەڵێ: “فەرمانبەرەکانی شارەوانی خوشکەکەمیان کوشت و بەڵگەش ئەو ڤیدیۆیەیە کە شێوازی هەڵسوکەوتی فەرمانبەرانی شارەوانی لەگەڵ خوشکم نیشان دەدات”.
جێگای ئاماژەیە، کۆمەڵگەی مەدەنیی کرماشان داوای دەست لەکارکێشانەوەی هەموو ئەندامانی شۆرای شار و بەرپرسانی شارەداریی ئەو شارە دەکەن و هەروەها خوازیاری بەسزا گەیاندنی بکوژانی ئاسییە پەناهین کە بەجێ ئەوەی سەرپەنایەکی بۆ ساز بکەن، بە شێوەیەکی نامرۆڤانە گیانیان لێ ستاند و ماڵەکەیان بەسەردا ڕووخاند.