دارستانەکان لە چوار پارێزگا ئاگریان تێبەربووە و ڕێژیم خۆیان لێ بەخاوەن ناکا.
ماوەی ١٠ ڕۆژە کە ئاگرگرتنی دارستانەکانی زاگرۆس لە چوار پارێزگای کوردستان، خووزستان، بووشێهر و چوارمەحاڵ و بەختیاری بەربووە و بێجگە لە خەڵکی دڵسۆزی ناوچەکە هیچ ئۆرگانێکی دەوڵەتیی خۆی لێ بەخاوەن ناکا.
بە وتەی “مەسعوود مەنسوور” سەرۆکی ڕێکخراوی دارستانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە لە دیمانەیەکی میدیاییدا ڕایگەیاند، داوامان لە وەزارەتی بەرگریی کردووە کە بە ناردنی فڕۆکەی ئاگرکوژێنەوە یارمەتی کوژاندنەوەی ئاگرەکان بدا، بەڵام کەس وڵامی نەداوینەتەوە. بەهۆی ئەوەیکە دارستانەکانی زاگرۆس زۆربەی شوێنەکانی هەورازە و بۆ خەڵکی ئاسایی زۆر زەحمەتە کە بەسەریاندا سەرکەون، بێجگە لە فڕۆکە کوژاندنەوەی ئاگرەکان زۆر زەحمەتە.
ناوبراو هەروەها گوتی هۆکاری وڵام نەدانەوەی وەزارەتی بەرگریی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەیکە ئێمە وەکوو ڕێکخراوی دارستانەکان ٣٠ ملیارد تمەن قەرزداری وەزارەتی بەرگریین و پارەمان نەبووە کە قەرزەکەمان بدەینەوە.
شایانی باسە، زۆربەی کارناسان و دڵسۆزانی ژینگە لەو باوەڕەدان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ هۆکاری سووتانی دارستانەکان دەگەڕێتەوە بۆ کەمتەرخەمیی و سیاسەتە هەڵەکانی بەرپرسانی ڕێژیم و دزی دارستانەکان و گەندەڵی لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا.