ژنانی ئێرانی لە پشتیوانیی یاسا دڵسارد و نیگەرانن و لە ژێر سێبەری یاسای بنەڕەتیی ئێراندا غەدرێکی گەورە لە ژنان دەکرێ.
بەدوای کوژرانی “ڕۆمینا ئەشرەفی”، تەمەن ١٣ ساڵان، کە لە لایەن باوکییەوە بەشێوەیەکی نامرۆڤانە گیانی لێ ئەستێندرا، شەپۆلێکی تازە لە ناڕەزایەتیی ژنان و چالاکانی مافی مرۆڤ دەستیپێکرد و دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تووڕەیی و ناڕەزایەتی زۆری لێکەوتەوە، وێڕای مەحکووم کردنی تاوانەکە، ڕەخنەیەکی زۆر بەرەوڕووی یاسای بنەڕەتی ئێران کرایەوە کە ساڵانە سەدان جینایەت لە ژێر سێبەری ئەو یاسایەدا ئەنجام دەدرێن.
“مەعسوومە ئیبتکار”، سەرۆکی ناوەندی کاروباری ژنان و خێزان، لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ ڕۆژنامەی “شەرق” ڕایگەیاند کە لە ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوییەوە ٣ گەڵاڵە لەو پێوەندییەدا لە پارلەمانی ئێرانن و چەند جارێکیش ڕەوانەی شورای نیگابان کراون، بەڵام تا ئێستا شورای نیگابان پەسەندی نەکردوون. ناوبراو لە پێوەندی لەگەڵ گەڵاڵەی پشتیوانی لە لاوان و منداڵان ڕایگەیاند کە ماوەی ١٢ ساڵە گەڵاڵەیەک لە مەجلیس دەستاودەست دەکا و تا ئێستا پەسەند نەکراوە.
مەعسوومە ئیبتکار، ڕایگەیاند کە ئەگەر ئەو گەڵاڵەیە پێشتر پەسەند کرابا ئەمڕۆ ڕۆمینا ڕادەستی باوکی نەدەکرایەوە و بەو شێوەیە نەدەکوژرا.
مەعسوومە ئیبتکار، دەڵێ هەر کات کە باسێک لە مافی ژنان دێتە گۆڕێ، بناژۆخوازان بە بیانووی جۆراوجۆر پەکی دەخەن و ناهێڵن پەسەند بکرێ و ئەمەش بۆتە هۆی نائومێدی ژنان لە ئێران.
یاسا و بڕیارە دژی ئینسانییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر بە کوشتنی ژنان و پێشێلکردنی مافەکانیان کۆتایی نایە و لەژێر سێبەری ئەم یاسا دواکەوتوانەیەدا ساڵانە هەزاران جینایەت ئەنجام دەدرێن و هیچ کەسیش خۆی بە بەرپرسیار نازانێ.
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە ئەم یاسا داسەپێنراوە حوکمی پێدەکرێ، بێ هیچ دادگایی و پارێزەرێک ساڵانە خەڵک دەکوژرێ، کۆڵبەر لە سنوور، لاوەکان لە زیندان و وەرزێران هەر لە سەر مووچە و مەزراکانیان دەکوژرێن و هیچ دادگایەکیش بۆ لێپرسینەوە لەو هەموو جینایەتە، لە ئارادا نییە و ئەو کردەوە نامرۆڤانە هەر بەپێی یاساکانی کۆماری ئیسلامی ئەنجام دەدەرێن، هەر سەرباز و پاسدارێک خۆی پارێزەر و قازی و دادوەرە و دەتوانێ بڕیاری کوشتنی خەڵک بدات و لەبەرابەر کەسدا وەڵامدەر نەبێ.