پاش زیاتر لە ٦ مانگ، وەزیری نێوخۆی ڕێژیم ئاماری کوژراوانی خەزەڵوەری بە چەواشەکارییەکی ئاشکراوە ڕاگەیاند.
پاش زیاتر لە ٦ مانگ وەزیری نێوخۆی ڕێژیمی ئاخوندی، ئامارێکی چەواشەکارانەی ڕاگەیاند و کوشتنی خەڵکی ئێرانی بە ڕەوا زانی و گوتی کە بەشێک لەوانە بەدەستی خەڵکی ناڕازی کوژراون.
لە چاوپێکەوتنێکی میدیاییدا “عەبدولڕەزا ڕەحمانیی فەزڵی” وەزیری نێوخۆی ڕێژیم، ڕۆژی شەممە، ١٠ی جۆزەردانی ٩٩ی هەتاوی، ڕایگەیاند کە بە گشتیی ٢٢٥ کەس لە سەرهەڵدانەکانی مانگی خەزەڵوەری ٩٨دا کوژراون، بەڵام ٤٠ تا ٤٥ کەسیان بە دەستی خەڵکی ناڕازیی کوژراون کە ئەوانەمان بە شەهید داناوە و مووچەمان بۆیان بڕیوەتەوە، ئەوانی دیکەش هەموویان هەڵخەڵەتاوی دوژمن بوون و ئێمە بۆ پاراستنی ئاسایشی کۆماری ئیسلامیی ئێران ناچاربووین بیانکوژین.
ناوبراو هەروەها گوتی: “کارێکی باشمان کردوە کە ئینتێرنێتمان داخستووە و ئەمەش مافی خۆمان بووە “.
شایانی باسە کە پێشتر “ڕۆیتێرز” لەسەر زاری ٣ بەرپرسی ڕێژیمەوە رایگەیاندبوو کە زیاتر لە ١٥٠٠کەس لە خۆپێشاندانەکانی خەزەڵوەری ٩٨دا گیانیان لەدەست داوە و هەموویان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بە فەرمانی خامنەیی، بە مەبەستی کوشتن لە سەر و سینگیان دراوە، کە پێشتریش ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماری ٣٠٤ کەسی بە وردەکارییەوە بڵاوکردەوە و پشتڕاستی کردەوە کە هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕاستەوخۆ و بە مەبەستی کوشتن تەقەیان لە خۆپێشاندەران کردوە.