هێزە بەکرێگیراوەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە ناوچەی پیرانشار هێرشیان کردە سەر کاسبکارانی ئەم ناوچەیە و چەند سەر ئەسپی کاسبکارانیان کوشتوە.
بەپێی هەواڵێک کە بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان گەیشتوە، ڕۆژی شەممە، ١٠ی جۆزەردانی ٩٩ی هەتاوی، هێزە چەکدارەکانی سپای پاسداران و هێزی ئینتزامی لە گوندی “ماشکان”ی سەر بە پیرانشار ڕێگەیان لە کاسبکارانی ئەم ناوچەیە گرتوە و بە مەبەستی تاڵان کردن، هێرشیان کردوونەتە سەر و دوای بێڕێزییەکی زۆر، چەند سەر ئەسپی کاسبکارانیان کوشتوە.
خەڵکی گوندی ماشکان کە ئەم کردەوەیەی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم دەبینن، ئازایانە بەگژ ڕێگر و بەکرێگیراوەکانی ڕێژیمدا دەچنەوە و پێکدادان لە نێوان خەڵک و ئەو هێزە ئینسانکوژەی ڕێژیم ڕوویداوە. هێزە بەکرێگیراوەکانی ڕێژیم بە زەبری چەک هێرشیان کردۆتە سەر خەڵکەکە و بێڕێزی و سووکایەتییەکی زۆریان بە خەڵکی گوندی ماشکان کردوە.
هێزە بەکرێگیراوەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، چەتە ئاسا شەو و ڕۆژ لە سەر ڕێگاکان کەمین بۆ خەڵکی کاسبکار دەنێنەوە و بە بیانووی جۆراوجۆر کەلوپەلەکانیان بە تاڵان دەبەن و وێڕای بە تاڵانبردنی کەلوپەلی کاسبکاران ئەسپ و هێسترەکانیان دەکوژن. ئەو هێزە دڕندەیەی ڕێژیم هەر بەوەندە دڵیان ئاو ناخواتەوە و زۆر جار کاسبکاران دەدەنە بەردەسڕێژی ڕاستەوخۆی چەکەکانیان و گیانیان لێدەستێنن.
خەڵکی هەژار و بێکاری ناوچە سنوورییەکانی کوردستان، بۆ بژیوی ژیانی خێزانەکەیان پەنایان بۆ کۆڵبەری بردوە و لەو ڕێگەیەدا تووشی کوشتن و هەڵدێران و کەوتنە ژێر بەفر و ڕنوو و گەلێک نەهامەتی دیکە دەبنەوە و ساڵانە سەدان کەس لە ڕێگای پەیدا کردنی ناندا گیانیان لێدەستێندرێ و سەدان کەسیش بریندار و نقوستان دەبن.