دارستان و لەوەڕگاکانی ” ڕێژاو” لە ئاگردا سووتان.
ڕۆژی شەممە، ١٠ی جۆزەردانی ١٣٩٩ی هەتاوی، دارستان و لەوەڕگاکانی “ڕێژاو”ی داڵاهۆی کرماشان، ئاگریان گرت و زیانێکی قەرەبوو نەکراو بەر ژینگەی ئەو ناوچەیە کەوت و بە وتەی خەڵکی ئەو ناوچەیە سپای پاسداران لە پشت ئاگردانی ئەم ناوچەیە بووە.
جێی ئاماژەیە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردووشدا ئاگر لە دارستانەکانی “بۆزێن و مەرەخێڵ”ی شاری پاوە بەربووکە بوو بەهۆی سووتانی ٣٨٠ هێکتار لە دارستانەکانی ئەو شارە.
ئەو ئاگرکەوتنەوە دوانیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە هەتا سەر لە بەیانی ڕۆژی پێنجشەممە درێژەی کێشابوو و خەسارێکی زۆری بە ژینگەی ئەو ناوچەیە گەیاندبوو.
لە کاتێکدا ئەرکی کوژاندنەوەی ئاگری دارستان و لەوەڕگاکان لە ئەستۆی حکوومەتە، بەڵام لە کوردستان ئەم ئەرکە کەوتووەتە ئەستۆی ڕێکخراو و ئەنجومەنە ژینگەپارێزییەکان و کەسانی دڵسۆز و خەمخۆری ژینگەی نیشتمان بەوپەڕی لەخۆبووردووییەوە بە ئەرک و تێچووی خۆیان و بەدەستی بەتاڵ هەوڵ دەدەن ئاگرەکان خامۆش بکەن، دەسەڵاتیش لەم پێوەندییەدا نەک خۆی بە خاوەن ناکا و بە فریای ئەم شوێنانە ناکەوێ، بەڵکوو بەرپرسیاری یەکەمە لە ئاگرگرتنی ئەو ناوچانە و هەر جارە بە بیانوویەک ئاگر بەردەداتە دارستانەکانی کوردستان.