برای سێ شەهیدی حیزبی دێموکرات لە شاری بانە کۆچی دوایی کرد.
ڕۆژی پێنجشەممە، ٨ی جۆزەردانی ٩٩ی هەتاوی، “مستەفا مستەفازادە” کوڕی حەمید، خەڵکی بانە کۆچی دوایی کرد. ناوبراو لە بنەماڵەیەکی تێکۆشەر و نیشتمانپەروەر پێگەیشتبوو و لەو ڕێگەیەدا ٣ برای لەدەست دابوو. کاک مستەفا پیاوێکی دڵسۆز و خۆشنێو بوو و هیوا و ئاواتی وەدیهاتنی ئامانجی پیرۆزی برا تێکۆشەرەکانی بوو کە لە ڕێگەی کوردایەتی گیانیان لەدەست دابوو.
ناوبراو برای ٣ شەهیدی حیزبی دێموکرات بوو بە ناوەکانی “خەلیل مستەفازادە” ناسراو بە “خەلیل شەوباش” کە ساڵی ٤٦ی هەتاوی، لە باشووری کوردستان شەهید کرا. “عەزیز مستەفازادە” ساڵی ١٣٥٢ی هەتاوی لە شاری سنە لە سێدارەدرا و شەهید “جەلیل مستەفازادە” کادری حیزبی دێموکرات بوو کە ساڵی ٨٣ی هەتاوی لە شاری سلێمانی بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.
ئەو سێ شەهیدەی بنەماڵەی مستەفازادە ڕۆڵێکی بەرچاویان گێڕاوە لە خەباتی گەلەکەماندا و لە هیچ فیداکاری و قارەمانەتییەک بۆ خزمەت بەگەل و نیشتمان درێغیان نەکرد و تا سەر وەفاداری ڕێبازی شەهیدان و ئامانج و بیروباوەڕەکانیان بوون، سەرەنجام لەو ڕێگەیەدا سەریان نایەوە و چوونە نێو ڕیزی نەمرانی کوردستانەوە.
لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی مستەفا مستەفازادە و هەموو خەڵکی بانە و ناوچەکە دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.