ئالان بەنگینی، خەڵکی شاری شنۆ بە پێنج مانگ زیندانی حوکم درا.
ڕۆژی پێنجشەممە، ٨ی جۆزەردانی ۱۳۹۹ی هەتاوی، “ئالان بەنگینی”، کوڕی “حاسڵ”، خەڵکی ئاوایی “کانیە ڕەش”ی شاری شنۆ، لە لایەن دادگای شاری تەورێز بە پێنج مانگ زیندانی مەحکووم کرا و ڕەوانەی زیندانی ناوەندی شاری تەورێز کرا.
جێی ئاماژەیە، ناوبراو ۳٨ ڕۆژ لەمەوپێش لە یەکێک لە بنکە سەربازییەکانی شاری تەورێز بە تۆمەتی” هاوکاریکردنی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕێژیم” دەسبەسەر کراو دوای ۳٨ ڕۆژ لە ڕاگیرانی بە پێنج مانگ زیندانی مەحکووم کرا.
دەسبەسەرکردن و لەسێدارەدان و ڕاپێچکردنی ڕۆڵەکانی کورد بۆتە کاری ڕۆژانەی داگیرکەرانی کوردستان و وێڕای سەرکوتکردنی ئازادییەکان، ڕۆژانە بە بیانووی جۆراوجۆر کچان و کوڕان و ژنان و پیاوانی کوردستان لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعات و سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر دەکرێن و بە تۆمەتی جۆراوجۆر حوکمیان دەدەن و ڕەوانەی بەندیخانەکانیان دەکەن.