بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، چەند کۆڵبەر و کاسبکاری کورد کوژران و بریندار بوون.
بە پێی هەواڵی هەواڵدەرییەکان، ڕۆژی پێنج شەممە، ٨ی جۆزەردانی ۱۳۹۹ی هەتاوی، هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سنووری “ئەلەند”، سەر بە شاری “خۆی” تەقەیان لە دەستەیەک کۆڵبەر کرد و لە ئاکامدا دوو کۆڵبەری خەڵکی ئاوایی”کەرکوش” سەر بە ناوچەی “سەفائیە”ی شاری “خۆی” بە ناوەکانی” موحسین دەروێشزادە” و ” ئیبراهیم جوردیزج”، گیانیان لەدەست دا.
لە لایەکی تریش هەمان ڕۆژ هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی لە شاری “بروجێرد” تەقەیان لە ماشێنی کاسبکارێکی کوردی خەڵکی شاری سەقز بە ناوی ” هادی گوڵابی” کرد و لە ئاکامدا ئەو کاسبکارە گیانی لەدەست دا.
هەر لەم پێوەندییەدا، هێزە چەکدارەکانی سپای پاسداران لە ناوچەی سنوورییەکانی پیرانشار تەقەیان لە ژمارەیەک کاسبکار کردوە و لە ئاکامی تەقەی ڕاستەوخۆی ئەو هێزە چەکدارانەدا سێ کەس بە ناوەکانی ” کەماڵ قادری”، ” کامیل گەوهەری” و “ڕەسووڵ چەپلەک” خەڵکی پیرانشار بریندار بوون و بۆ چارەسەری دەرمانی ڕەوانەی یەکێک لە نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان کراون، لە لایەکی تریش ڕۆژی هەینی، ۹ی جۆزەردانی ۱۳۹۹ی هەتاوی کۆڵبەرێکی خەڵکی ئاوایی”کۆلکەڕەش”، سەر بە شاری سەردەشت، بە ناوی ” عەلی خزرزادە” بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە بەکرێگیراوەکانی ڕێژیم بریندار بوو.
شایانی باسە، نەداری و هەژاری و نەبوونی هەلی کار لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی سیاسەتی هەڵە و بێخەمی دەسەڵات لە بەرامبەر ژیانی خەڵکدا، بووەتە هۆی ئەوە کەسانێکی زۆر بۆ دابینکردنی بژیوی ژیانی ڕۆژانەیان بە ناچاری ڕووبکەنە کۆڵبەری لە ناوچە سنوورییەکان و مەترسیی هێزە چەکدارەکان و سەختی ڕێگەوبانەکان تەحەممول بکەن.