ئەنجومەنەکانی ژینگەپارێزیی کوردستان، بە یادی “سەید ڕەحیم بەدوی” لە ناوچەی بۆکان چوونە سەر کێوی تەرەغە و چەند چالاکییەکیان ئەنجام دا.
بەپێی هەواڵێک کە بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان گەیشتوە، ڕۆژی ٩ی جۆزەردانی ٩٩ی هەتاوی، ئەنجومەنەکانی ژینگەپارێزیی “یانەی شاخەوانانی بۆکان، یانەی شاخەوانی و بەردەوانیی ئەورازی بۆکان، ئەنجومەنی چیای سەوزی مەریوان، گروپی شاخەوانیی ژینگە پارێزانی بۆکان، گروپی کەژوانی پاژینی بانه” بەیادی ژینگە پارێزی کۆچکردوو، سەید ڕەحیم بەدوی چالاکییەکیان بەڕێوە برد.
ئەندامانی ئەنجومەنەکانی ژینگەپارێزیی کوردستان چوونە سەر کێوی تەرەغە و لەوێ بە سروودی “خوایە وەتەن ئاواکەی” ڕێوڕەسمێکیان بەڕێوەبرد.
لەو ڕێورەسمەدا پەیامی ئەنجومەنی “پاژین”ی بانە، چەند سروودێکی کوردی، وتاری ئەنجومەنی “سەوزی چیا”ی مەریوان، پەیامی بنەماڵەی سەید ڕەحیم بەدوی، پەیامی “باشگای ئەوراز″ی بۆکان پێشکەش کران و “یانەی شاخەوانانی بۆکان” بەم بۆنەوە چەند مەلێکیان ئازاد کرد.
ژینگە پارێزان لەو ڕێوڕەسمەدا بە پەیمان نوێکردنەوە لەگەڵ ڕوحی سەید ڕەحیم بەدوی بڕیاریاندا کە لە چالاکییەکانیان بۆ پاراستنی ژینگەی کوردستان بەردەوام بن.
ژینگەپارێزانی کوردستان ساڵانێکە بە هەوڵ و چالاکییەکانیان خەڵک هان دەدەن کە ژینگەی کوردستان بپارێزن و لەو بارەوە چالاکیی جۆراوجۆریان ئەنجام داوە و ماندوونەناسانە بە خەمی نیشتمانەوەن و سروشت و ژینگەی کوردستان دەپارێزن و لە هەر کارێک کە لە دەستیان بێ درێغی ناکەن و لە کاتی ڕووداو و کارەساتەکانیشدا هەمیشە لە فریای لێقەوماوان کەوتوون و پێداویستییەکانیان بۆ دابین کردوون.