“محەممەد باقر قاڵیباف” یەکێک لە پاسدارە سەرکوتکەرەکانی نزیک لە خامنەیی، فەرماندەی پێشووی سپای پاسداران، بەسیج و هێزی ئینتیزامی و شارەداری پێشووی تاران پاش ٣ جار هەوڵی بێ ئاکام بۆ سەرۆک کۆماریی ڕێژیم، ئەمجارەیان بوو بە سەرۆکی مەجلیسی یازدەیەمی کۆماری ئیسلامیی ئێران .
بە پێی هەواڵی هەواڵدەرییەکانی ڕێژیم، ڕۆژی پێنج شەممە، ٨ی جۆزەردانی ٩٩ی هەتاوی، “محەممەد باقر قاڵیباف” شارەداری پێشووی تاران لە مەجلیسی شورای ئیسلامیی ڕێژیم کە بە دەنگی کەمتر لە سەتا ٣٠ی خەڵکی ئێران هەڵبژێردراون، بە سەرۆکی مەجلیسی یازدەیەم هەڵبژێردرا .
شایانی باسە کە قاڵیباف پێشتر فەرماندەی سپای پاسدارانی ڕێژیم بووە و لە سەرکوتی خەڵکی ئێران و بە تایبەت خەڵکی کوردستاندا دەستێکی باڵای هەبوە و دواتر بووەتە فەرماندەی بەسیج و فەرماندەی هێزی ئینتیزامیی ڕێژیم و، پاشان بۆ ماوەی ١٢ساڵ شارەداری تاران بووە کە لەو ماوەیەدا هەروەکوو هەموو بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دزی و گەندەڵی بەرچاوی ئەنجام داوە کە بەرچاوترینیان بایی ٢٢٠٠میلیارد تمەن مڵک و ماڵی خەڵکی داگیر کردوە و فرۆشتوویەتی و بانکی مێهر و ئایندە و قەوامینی بۆ شاردنەوەی گەندەڵییەکانی دامەزراندوە، دواتر پارەی خەڵکیان دزیوە و مایەپووچییان ڕاگەیاندوە و هەروەها فرۆشتنی مڵکی شارەداریی بە خزم و کەسوکاری خۆی کە هەمووی ئەمانە لە زمانی جەهانگیریی جێگری سەرۆک کۆماری ڕێژیمەوە ڕاستەوخۆ لە کاناڵی یەکی تەلەڤیزیۆنەوە بڵاو کرایەوە.
جێگای ئاماژەیە، ناوبراو بەشانازییەوە دان بە سەرکوتی خوێندکاران و خەڵکی ئێراندا دەنێ و دەڵێ” بە شانازی دەزانم کە هەرکات پێویست بکا بچمە سەر شەقامەکان بۆ لێدان و کوشتنی دژبەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران.”
لە وڵاتانی دیکەی جیهاندا کەسانی پسپۆر و ئاکادیمیک لە بواری یاساوە دەبنە سەرۆکی پارلەمان، لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی خوێن و سەرکوت و سێدارەش کەسانی ئینسانکوژ و جینایەتکار و سەرکوتکەر بۆ ئەم پۆستە هەستیارانە دیاری دەکرێن، بۆ ئەوەی یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان لەبەر چاو نەگرن و بەپێی یاسا دواکەوتوەکانی خۆیان بڕیار بۆ سەرکوت و کوشتنی خەڵک بدەن.