کوشتنی ژنان لە ئێران بە بیانووی پاراستنی نامووس کە بە قەتڵی نامووسی ناوی دەبرێ، لەژێر سێبەری یاسای بنەڕەتی ئەم وڵاتەدا هەر لە حاڵی پەرەسەندن دایە.
ئەمڕۆژانە کوژرانی “ڕۆمینا ئەشرەفی” خەڵکی “تاڵش” لە پارێزگای “گیلان” بەدەستی باوکی لە شیرین خەودا بە تاوانی خۆشەویستی، کاردانەوەی جیاجیای بە دوای خۆیدا هێنا. لایەنگرانی مافی مرۆڤ و میدیاکاران هەواڵ و ڕاپۆرتیان لەسەر بڵاو کردەوە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا خەڵک وێڕای مەحکووم کردنی ئەم کردەوە جینایەتکارانەیە، یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی و ڕادەستکردنەوەی کچەکەیان لە لایەن پۆلیسەوە بردە ژێر پرسیار و ئەم تاوانەیان مەحکووم کرد.
هەر چەند ڕۆژ دوای کوشتنی ڕۆمینا کەسێکی دیکەش هەر لەم پارێزگایە بە تاوانی خۆشەویستی خوشکە ١٨ ساڵەکەی خۆی لە ئاگردا سووتاند.
یاسای بنەڕەتیی ئێران کە ئاخوندەکان بەشێوەیەکی چەواشکارانە و فریودەرانە بەسەر خەڵکی ئێرانیان داسەپاند و ماوەی ٤١ ساڵە بە زەبری چەک و قەممە بەرگری لێدەکەن، بۆتە هۆی ئەوەی کە هەزاران ڕۆمینا لەژێر سێبەری ئەو یاسایەدا بە بیانووی پاراستنی نامووس بکوژرێن و بێسەروشوێن بکرێن.
ئاخوندە کۆنەپەرستەکان لە ماوەی تەمەنی ئەو ڕێژیمەدا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرە و دواوە گەڕاونەتەوە و دەیانهەوێ خەڵک لە نەزانیدا ڕابگرن و دیوارەکانی سەر ڕێی پێشکەوتن قایمتر هەڵبچنن.
ڕێژیمێک کە بەپێی یاسای بنەڕەتیی ئێران ئازادیخوازن و جیابیران لە سێدارە دەدا و مافخوازان ڕاپێچی بەندیخانە دەکا، هەر ئەم چاوەڕوانییەش لە باوکی ڕۆمینای ١٣ ساڵە دەکرێ کە لەژێر سێبەری ئەم یاسایەدا و بەپێی ئەم فەرهەنگە دواکەوتوانەیە بەشێوەیەکی زۆر نامرۆڤانە کچەکەی لە شیرین خەودا بکوژێ.
یاسایەک کە ڕۆمینای ١٣ ساڵی کێشاوەتە پۆلیسخانە و بەجێی ئەوەی کە گیانی بپارێزێ و گوێ لە سکاڵەکەی بگرێ کە باسی هەڵسوکەوت و توندوتیژی باوکیی دەکا، دێ ڕادەستی ئەو کەسەی دەکاتەوە کە لەدەست ئەو ڕای کردوە.
ڕێژیمێک کە خۆی هەموو یاسا و ڕێسا ئینسانی و نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکا، پەرە بە فەرهەنگی دواکەوتوانە دەدا و کوشتنی ژنان و بەردەبارانکردنیان بە ڕەوا دەزانێ و بە یاسا مافی نیوەی کۆمەڵ پێشێل دەکا، نابێ چاوەڕوانی ئەوەمان لێی هەبێ کە گیانی ڕۆمیناکان بپارێزێ و ڕێز لە کەرامەتی ژن بگرێ.