کرماشان یەکێک لەو پارێزگایانەیە کە کۆڕۆنا بەشێویەکی بەربڵاو لەوێدا تەشەنەی سەندووە و بۆتە مەترسییەکی گەورە و جیددی بۆ سەر ئەم پارێزگایە.
بەپێی ئەو هەواڵ و زانیارییانەی کە بڵاو کراونەتەوە و کاربەدەستانی ڕێژیمیش دانیان پێداناوە، کرماشان یەکێک لەو پارێزگایانەیە کە زۆرترین مەترسیی کۆڕۆنای لەسەرە.
کاربەدەستانی ڕێژیم ڕایانگەیاندووە کە خۆنەپاراستنی خەڵک بۆتە هۆی تەشەنەسەندنی کۆڕۆنا لەو پارێزگایەدا و دەیانهەوێ بەو بەهانەیە خۆیان لەژێر باری بەرپرسایەتی قوتار بکەن.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە بڵاو کراونەتەوە، ڕۆژانە خەڵکێکی زۆر لە نەخۆشخانەکان دەخەوێنرێن یا گیان لە دەست دەدەن. وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاند کە ئەم ڕۆژانەی پێشوو، ژمارەی تووشبوانی کۆڕۆنا لەم پارێزگایە ١٤٠ بۆ ١٦٠ کەس بوو بەڵام ئەم حەفتەیە ڕۆژانە لە ٢٠٠ کەس تێپەڕیوە.
“کیانووش جەهانپوور” ڕایگەیاند کە ڕۆژانە زیاتر لە ٥٠ کەس لە نەخۆشخانەکانی ئێران بەهۆی ڤایرۆسی کۆڕۆناوە گیان لەدەست دەدەن.
بەپێی ئەو زنیارییانەی کە بڵاوکراونەتەوە، ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە چەند پارێزگایەکی ئێران بەشێوەیەکی بەربڵاو تەشەنەی سەندووە و بۆتە مەترسییەکی گەورە بۆسەر گیانی خەڵک، بەڵام لەلایەن کاربەدەستانی ڕێژیمەوە ڕێوشوێنی پێویست بۆ پێشگیری لە ڤایرۆسەکە نەگیراوەتە بەر.
لەگەڵ ئەوەی کە لەسەرەتای دەرکەوتنی نیشانەکانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا کاربەدەستانی ڕێژیم بە شۆخییەکی چینی و بە پیلانی ئەمریکا ناویان برد و قەرەنتینەی شاری قومیان بە بێڕیزی بە پیرۆزییەکانی ئەو شارە ناوبرد، تا ئەو کەمترخەمییە بوو بەهۆی ئەوەی ڤایرۆسەکە هەموو وڵاتی داگرت. ماوەیەک بەر لە ئێستاش بەو خەیاڵە کە ئیتر ڤایرۆسەکە کاریگەرییەکی ئەوتۆی نەماوە، دەرگای بازاڕ و مزگەوت و زانستگەکانیان کردەوە و ئەوەش بوو بەهۆی تەشەنەسەندنی زیاتری ڤایرۆسەکە و ئێستا ئیتر لەبەرانبەریدا دەستەوەستان ماونەتەوە.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئێران تا ئێستا نزیک بە ١٤٢ هەزار کەس تووشی کۆڕۆنا بوون و ٧٥٦٤ کەسیش گیانیان لەدەست داوە.