لە شاری بۆکان بە بەشداری ژماریەکی بەرچاو لە چالاکانی مەدەنی ئەو شارە، ڕێوڕەسمێک بۆ ڕیزگرتن لە مامۆستا “ئەنوەر باپیری” بەڕێوەچوو.
ڕۆژی دووشەممە، ٥ی جۆزەردانی ١٣٩٩ی هەتاوی، لەلایەن چالاکانی ژینگەپارێزی و شاخەوانیی بۆکانەوە ڕێوڕەسمێک بۆ ڕێزگرتن لە مامۆستا “ئەنوەر باپیری” یەکێک لە پێشەنگەکانی ژینگەپارێزی پێک هێنرا و ڕێز لە چالاکی و زەحمەتەکانی چەندین ساڵەی ناوبراو گیرا.
سەرەتای ڕێوڕەسمەکە، وتاری بەخێرهاتن و دەستخۆشی لە بەشداربووان، لەلایەن “ئەمیر پیادە”، بەرپرسی گشتیی ناوەندی فەرهەنگی و فێرکاریی بەیان دەستی پێکرد. دواتر وتاری ناساندن و چالاکییەکانی مامۆستا ئەنوەر باپیری لەلایەن خاتوو “ئەکرەم خوارزا” خوێندرایەوە و لە بەشێکی تری ڕێوڕەسمەکەدا ڕێزنامەی چالاکانی ژینگە و شاخەوانی بە مامۆستا ئەنوەر باپیری لە لایەن خاتوو “بەیان کۆڵەوە” پێشکەش کرا.
جێی ئاماژەیە، بەهۆی نالەباریی دۆخی جەستەیی کاک ئەنوەر باپیری کە چەند ساڵێکە تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە بووە، ئەم کۆبوونەوەیە بە کورتی، لە ماڵی ناوبراو پێکهات و وێڕای هێندێک باس و وتار لەسەر کەسایەتی و پێگەی بەرزی کاک ئەنوەر، بە پێشکەشکردنی چەند لەوحێکی ڕێزلێنان کۆتایی پێ هات.
شایانی باسە، ماوەی چەند ساڵێکە چالاکان و خەمخۆرانی نیشتمان وەک ئەرکێکی پیرۆز هەوڵیانداوە ڕێز لەو کەسانە بگرن کە هەموو تەمەنیان لە خزمەت نیشتمان و نەتەوەکەیاندا بوون و لەم ڕێگەیەوە سپاس و پێزانینی خۆیانیان پێگەیاندوون و ڕێزیان لە ئەرک و زەحمەتەکانیان گرتوە.