هەیئەتێکی کۆمیتەی فەرانسەی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە ناشتنی دوکتور داریوش زەنددا بەشداری کرد.
رۆژی شەممە ٤ی رەزبەر لە گۆڕستانی پێرلاشێزی پاریس بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە چالاکانیی سیاسیی کوردو ئێرانی رێوڕەسمێک بۆ بەخاکسپاردنو رێزگرتن لە خەباتکارێکی دێرینی رێگای ئازادیو هاوکارو دڵسۆزێکی فیداکاری خەباتکارانی کورد، دوکتور داریوش زەند ناسراو بە دوکتور سەعید بەڕێوەچوو.
دوکتور سەعید یەکێک لە خەباتکارانی لۆڕ و لە ریزەکانی چریکی فیداییدا بوو کە لە سەرەتای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامیو دوای دەسپێکردنی شەری کۆماری ئیسلامی لەدژی گەلی کورد وەک زۆربەی خەباتکارانی ئێرانی هاتە کوردستانو وەک پزیشکێکی خەباتکار لە نەخۆشخانەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان دەستی بە کاری دەرمانیو چارەسەری بریندارەکانی شەڕی دژی رێژیمی کۆماری ئیسلامی کرد.
دوکتور سەعید لە ماوەی نزیک بە سێ ساڵ مانەوە لە کوردستاندا خزمەتێکی بەرچاوی بە خەباتکارانی کوردو بە تایبەت پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات کرد.
هەیئەتێک لە حیزبی دێموکراتی کوردستان پێکهاتوو لە کاک جەلیل گادانی، ئەندامی ڕاوێژکاری دەفتەری سیاسیو مەسعوود رەواندوست، جێگری کۆمیتەی ناوەندی بەشداری رێوڕەسمی بەخاکسپاردنو رێزگرتن لەو خەباتکارە بوون.
لەو ڕێوڕەسمەدا کاک جەلیل گادانی بە پێشکەشکردنی پەیامێک لە لایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وێڕای دەربڕینی هاوخەمیی خۆی لەگەڵ بنەماڵەو خەباتکارانی رێگای ئازادی، رێزی لە فیداکاریو خزمەتەکانی ناوبراو گرت و هیوای وەدیهاتنی ئاواتەکانی ئەو و هەموو رێبوارانی راستەقینەی رێگای ئازادیی خواست.