حاجی خدر پیرۆتی، برای شەهید ” ڕەحمان پیرۆتی” ئەندامی ڕێبەری حیزبی دێموکراتی کوردستان کۆچی دوایی کرد.
ڕۆژی چوارشەممە، ۷ی جۆزەردانی ۱۳۹۹ی هەتاوی، ” حاجی خدر پیرۆتی” ناسراو بە حاجی فەقێ ڕەسووی گردکشانە، دوای ماوەیەک ململانێ لەگەڵ نەخۆشی لە تەمەنی ۷٤ ساڵیدا لە نەخۆشخانەیەکی ورمێ گیانی لەدەست دا و هەر هەمان ڕۆژ لە زێدی خۆی، گردکشانە بە خاک سپێردرا.
“حاجی خدر” کوڕی کاک “فەقێ ڕەسووڵ” ساڵی ١٣٢٥ی هەتاوی لە ناوچەی لاجان لەدایک بوو. لە تەمەنی مێرمنداڵییەوە شانی داوەتە بەر کار و کاسبی و بە بەری رەنج و زەحمەتی خۆی ژیاوە. دوای شۆڕشی گەلانی ئێران، ماوەیەک بووەتە ئەندامی هێزی بەرگری و هاوکاری پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی کردوە. لەو ماوەیەشدا کە شەهید میرزا “رەحمان پیرۆتی” لە باشووری کوردستان ژیاوە، بەردەوام سەردانی کردوە.
حاجی خدر لەنێو خەڵکدا کەسێکی خۆشناو و جێی بڕوا بوو و وەک کەسێکی ئیماندار و خەمخۆرێکی نیشتمان دەناسرا. لە یەکەم چرکە ساتەکانی دوای ڕوودانی کارەساتی ١٧ی خەرمانان و مووشەکبارانی قەڵای دێموکرات، بێ باکانە و بێ گوێدانە هەڕەشەی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی ملی ڕێگای کۆیەی گرتەبەر و لە بەخاک سپاردن و ڕێوڕەسمی پرسە و سەرەخۆشی برای شەهید و هاوسەنگەرانیدا بەشداربوو و بڵاوبوونەوەی دیمەنی چاوە پڕ فرمێسک و گریانە ناخ هەژێنەکەی لە مزگەوتی کۆیە، تابڵۆیەکی هەرمانی کاریگەری ڕووداوەکەیە.
لە لایەن ناوەندی راگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی حاجی خدر و خزم و کەسوکاری دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.