ئیسرائیل داوای لە بەڕێوەبەرانی “تویتێر” کرد لاپەڕەی تویتێری خامنەیی بە هۆی بڵاوکردنەوەی توندوتیژی دژی ئیسرائیل دابخەن.
وەزیری کاروباری ئیستراتیژیکی ئیسرائیل، لە نامەیەکدا بۆ بەرپرسی تویتێر داوای لە ناوبراو کرد، لاپەڕەی فەرمیی خامنەیی لە تویتێردا بە هۆی دژایەتیی جووەکان بە ئاشکرا و هەڕەشەی کوشتنیان و سڕینەوەی ئیسرائیل لەسەر گۆی زەوی دابخا.
“ئووریت فارکاش” وەزیری کاروباری ئیستراتیژیکی ئیسرائیل لە نامەیەکدا بۆ “جەک دۆرسی” بەڕێوەبەری تویتێر وێڕای ئاماژە بە چەند بەڵگەیەک کە خامنەیی داوای کوشتنی بە کۆمەڵی جووەکانی کردوە و بە تایبەت لە دوو حەوتووی ڕابردوودا، بە دوو پۆستێرهەڕەشەی کوشتنی بە کۆمەڵی خەڵکی ئیسرائیل و سڕینەوەی ئیسرائیلی کردوە لەسەر گۆی زەوی، داوای لە ناوبراو کرد کە لاپەڕەی خامنەیی لە تویتێر دابخا تا ناوبراو نەتوانێ پەرە بە توندوتیژی بدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا.
شایانی باسە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران چل ساڵە هەڕەشەی سڕینەوەی ئیسرائیل دەکا، بەڵام پاش نزیکەی ٣٠٠ جار هێرشی ئەو وڵاتە بۆسەر هێزەکانی سپا و میلیشیا تێرۆریستییەکانی سەر بەو ڕێژیمە لە سووریە و عێراقدا نەیوێراوە تەنانەت یەکجاریش وڵامی ئەو هێرشانە بداتەوە یان هەر باسیشی بکا.