نوێنەری عەلی خامنەیی کە لە دەسپێکی کرانەوەی مەجلیسی یازدەیەمدا قسەی دەکرد گوتی: “ئێمە کارنامەیەکی باشمان لە جێگیرکردنی بەرابەری و عەداڵەت لە کۆماری ئیسلامیدا نییە”.
هاوکات لە گەڵ کرانەوەی مەجلیسی یازدەیەم کە بە قسەکانی “محەممەد محەممەدی گوڵپایەگانی” نوێنەری خامنەیی دەستیپێکرد کێبرکێی بەربژێریی بۆ سەرۆکایەتیی مەجلیسی ڕێژیم توندتر بۆتەوە و “محەممەد باقر قاڵیباف” شارەداری پێشووی تاران و نزیک لە خامنەیی شانسی لەوانیتر زیاترە بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکی مەجلیسی داهاتووی ڕێژیم.
هەرچەند سێ کەسی دیکەش خۆیان بۆ سەرۆکایەتی مەجلیس بەربژێر کردوە و هەموویان لە باڵی خامنەیی ناسراو بە باڵی توندئاژۆن، بەڵام ئەگەری سەرکەوتنیان بەسەر قاڵیبافدا زۆر کەمە .
شایانی باسە کە سەرۆک کۆمار و سەرۆکی دەزگای قەزایی ڕێژیمیش لەو دانیشتنەدا بەشداربوون و هەردووکیان باسی هاوکاری نێوان سێ دەزگا سەرەکییەکەی کۆماری ئیسلامییان کرد.
جێگای ئاماژەیە کە لە هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی یازدەیەمدا ڕێژەیەکی زۆرکەم بەشدارییان کرد و هەر بە پێی هەواڵی هەواڵدەرییەکانی ڕێژیم، لە ماوەی تەمەنی کۆماری ئیسلامیدا کەمترین ڕێژەی بەشداریی بووە و بە پێی ئامارەکان کەمتر لە سەتا ٣٠ی خەڵکی ئێران بەشداریی هەڵبژاردنەکانیان کرد.
دانپێدانانی بەرپرسانی ڕێژیم بە ناعەداڵەتی و باسکردن لە دزی و کوشتن و گەندەڵی لە کاتێکدایە کە ماوەی ٤١ ساڵە گەلانی ئێران بەدەست ئەم نەهامەتیانەوە دەناڵێنن و باسیان دەکەن، کاربەدەستانی ڕێژیمیش بە چەک وڵامیان دەدەنەوە و ڕاپێچی داگا و زیندان و بەردەمی سێدارەیان دەکەنەوە. کاربەدەستانی ئەو ڕێژیمە کە لە هیچ جینایەتێک دژ بە گەلانی ئێران خۆیان ناپارێزن، زۆر جار بەهۆی ناکۆکییەکانیانەوە یا ئەو کاتانەی کە بۆ خاتری بەرژەوەندییەکانی ڕێژیمەکەیان دەیانهەوی بیانکەنە قوربانیی، پەردە لەسەر کەموکوڕی و گەندەڵی و جینایەتەکانی ڕێژیم هەڵدەدەنەوە و دەیانهەوێ لە کۆتایی تەمەندا خۆیان لای خەڵک شیرین بکەن و بە پاکانە کردن خۆیان بکەنە قارەمان، بەڵام گەلانی ئێران ئەم هەموو نەهامەتییە لەبیر ناکەن کە لە ماوەی چوار دەیە دەسەڵاتداریەتی ڕێژیم بەسەریان هاتوە.