ڕۆژی چوارشەممە، هاوکات لە گەڵ کرانەوەی فەرمی و دەستبەکاربوونی مەجلیسی یازدەیەم، دوو نوێنەری دەورەی دەیەمی مەجلیسی ڕێژیم لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەرکران.
بە پێی هەواڵی هەواڵدەریی “تەسنیم” کە سەربە سپای پاسدارانە ڕایگەیاند کە هاوکات لە گەڵ دەسبەکاربوونی مەجلیسی یازدەیەم دوو نوێنەری دەورەی دەیەم بە ناوەکانی “فەرەیدوون ئەحمەدی” و “محەممەد عەزیزی” بەدەستی هێزەکانی ئیتلاعات بە تۆمەتی گەندەڵی دەسبەسەرکران.
شایانی باسە کە فەرەیدوون ئەحمەدی چەند ڕۆژ پێش ڕەخنەی توندی لە دەزگای قەزایی ڕێژیم گرتبوو و ڕایگەیاندبوو کە دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامیی ئێران حەزی لە پەروەندەسازییە بۆ خەڵکی ئێران و بە جێگای ئەوەیکە بە هانای خەڵکی هەژارەوە بچێ بۆتە داڵدەدەری دز و گەندەڵەکان و ئامرازێکە بۆ شاردنەوەی لاوازییەکانی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
جێگای ئاماژەیە کە ئەو دوو نوێنەرە بە تۆمەتی ئاسانکاری بۆ تاوانی کەسانی دیکە و گەندەڵی لە بازاڕی ماشیندا بە ٩١ مانگ زیندانیی حوکم دراون.
یەکەم جار نییە کە بەرپرسان و کاربەدەستانی پلەباڵای ڕێژیم گەندەڵییەکانیان لێ ئاشکرا دەبێ، تا ئێستا سەدان کەس لە بەرپرسانی پلەبەرزی ڕێژیم لە گەندەڵییەوە تێوگلاون و نێویان کەوتۆتە نێو مێدیاکان. ئێستا لە ئێران گەندەڵی بۆتە دیاردەیەک کە بەرپرسانی ڕێژیم پێشقەرەوڵی ئەو کاروانەن و دەیان ساڵە سەروەت و سامانی گەلانی ئێران بە تاڵان دەبەن. سپای پاسداران وەک باندێکی مافیایی دەستی بە سەر هەموو جومگە ئابوورییەکاندا گرتوە و بەرپرسان و کاربەدەستانی ڕێژیمیش وەک کۆمپانیایەک کاری تێدا دەکەن و ئەمەش بۆتە هۆی داڕمانی ئابووریی ئێران و بە تاڵانبردنی سامانی گشتیی وڵات کە ساڵانێکە لە ژێر سێبەری عەلی خامنەییدا بۆ بەرەوپێشبردنی سیاسەتی تێرۆریستی و ئاژاوەگێڕانە و سەرکوتی گەلانی ئێران بەکاری دێنن.