ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە ئێران نەک هەر خەڵکی ئاسایی بەڵکوو دوکتۆر و پەرستارەکانیشی تووشی نەخۆشی کردوە و، هەزاران کەس لە کارمەند و دوکتۆر و پەرەستار لە نەخۆشخانەکان بە دەست ئەم نەخۆشییەوە دەناڵێنن.
لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە ئێڕان، تا ئێستاش ڕۆژانە خەڵک بەدەست ئەم ڤایرۆسەوە گرفتارن و بێ جیاوازی ڕوو لە هەموو ماڵێک دەکا. نەخۆشخانەکان لەگەڵ ئەوەی کە پەناگەی تووشبوانی کۆڕۆنان و خەڵک لە ترسی مەرگ و بۆ چارەسەری ڕوویان تێدەکا، بەڵام لە هەمان کاتدا لە نەخۆشخانەکانیش نەک هەر خەڵکی ئاسایی بەڵکوو دوکتۆر و پەرستارەکانیش گیان لەدەست دەدەن.
“ڕەزا جەلیلی”، سەرۆکی نەخۆشخانەی تەجریش لە تاران ڕایگەیاند کە تا ئێستا ٣ هەزار دوکتۆر و پەرستار و کارمەند لە نەخۆشخانەکان تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و لەمانەش ١١٠ کەس گیانیان لەدەست داوە.
لەگەڵ ئەوەی کە ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیی هۆشداریی داوە لە تەشەنەسەندن و بەردەوامیی ڤایرۆسی کۆڕۆنا، بەڵام هێندێک لە دەوڵەتان یەک لەوان کۆماری ئیسلامیی گوێیان بەو هۆشدار و ڕێنماییانە نەداوە و ڕێگەیان داوە کە مزگەوت و بازاڕ و خوێندنگە و شوێنە گشتییەکان بکرێنەوە، ئەوەش بۆتە هۆی ئەوەیکە ئاماری تووشبوون هەر لە زیادبوون دابێ و بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئێران ١٣٩ هەزار و ٥١١ کەس تووشی ڤایرۆسی کۆڕۆنا بوون کە ٧ هەزار و ٥٠٨ کەسیان گیانیان لەدەست داوە.
بەپێی ئامار و زانیارییەکان تا ئێستا لە جیهاندا پێنج میلیۆن و ٦٨٨ هەزار و ٥١٦ کەس تووشی ڤایرۆسی کۆڕۆنا بوون کە ٣٥٢ هەزار و ٢٧٣ کەسیان مردوون و ژمارەیەکی بەرچاویش چاکبوونەتەوە.