“سەکینە پەروانە”، بەندکراوی سیاسی کە لە کوردەکانی خوراسانە و لە بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین دەستبەسەرە، لە لایەن دادگای شۆڕشی کۆماری ئیسلامییەوە بە ٥ ساڵ زیندان سزا درا.
پارێزەری ئەو چالاکە سیاسیە کوردە، ڕۆژی دووشەممە، ٥ی جۆزەردان، لە هەژماری تویتری خۆیدا ئەو هەواڵەی پشتڕاست کردەوە و گوتی سزاکەی پێداچوونەوەی پێدا ناکرێ.
بە پێی حوکمی دادگا، ئەو بەندکراوە لە لایەن لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی تارانەوە بە تاوانی ئەندامەتی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕێژیم و بە ئامانجی تێکدانی ئەمنییەتی ئێران، بە ٥ ساڵ زیندان سزا دراوە و هەروەها دوو ساڵ لە بەشداریکردن لە هەموو گرووپ و کۆمەڵەیەکی سیاسی بێبەش دەکرێ.
شایانی باسە کە سەکینە پەروانە خاکەلێوەی ئەمساڵ بەهۆی نووسینی دروشم لە گرتووخانەی ئەوین بۆ بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین گوازراوەتەوە. دوای ٤ ڕۆژ مانەوە لە ژووری تاکەکەسی بۆ نەخۆشخانەی دەروونی “ئەمین ئاوای” شاری “ڕەی” گوازراوەتەوە و دوای ٢٥ ڕۆژ سەرلەنوێ گەڕێندراوەتەوە بۆ بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین و لە دۆخێکی نالەباردا ژیان بەسەر دەبا.