دانانی پەیکەری “غوڵامڕەزا حەسەنی” ناسراو بە مەلا حەسەنی بەرنوێژی پێشووی ورمێ و نوێنەری خومەینی و پاشان خامنەیی لەو شارە کە دەستی بە خوێنی خەڵکی کوردستان بە تایبەت خەڵکی قاڕنێ و چەند گوندێکی دیکە و لە سێدارەدانی لاوانی کورد سوورە و، تەنانەت کوڕەکەی خۆی بە هۆی دژایەتیی لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێعدام کردوە.
بێگومان کۆماری ئیسلامی لەم کاتەدا کە زۆر باش دەزانێ خەڵکی کورد هیچکات جینایەتەکانی حەسەنی لە بیر ناکەن، مەبەستی لە دانانی ئەو پەیکەرە چاندنی تۆوی دووبەرەکییە لەو شارەدا لە نێوان تورک و کورددا و پەرەپێدان بە سیاسەتە ئاژاوەگێڕییەکانی لەم ناوچەیە.
شایانی باسە کە ناوبراو یەکێک لەو جینایەتکارە دیارانەی سەردەمی خومەینییە کە تەنانەت قسەکردنەکانیشی ببووە مایەی پێکەنینی خەڵکی ناوچەکە و، وەکوو کەسێکی گەمژە و نەزان چاویان لێدەکرد و تەنیا هونەری ناوبراو ئینسان کوشتن و درۆ و چەواشەکاریی بوو.
حەسەنی لە زۆربەی جینایەتەکانی ئاخوند خەڵخاڵیدا هاوکار و بەشدار بووە و ڕاستەوخۆ و بەدەستی خۆی خەڵکی گولـلەباران کردوە و کوشتوویەتی، بەتایبەت لە جینایەتی قارنێدا ڕۆڵی سەرەکی گێڕاوە و هیچکات لە کردەوەکانی خۆی پەشیمان نەبۆتەوە.