دارستانەکانی گەچساران چەند ڕۆژە ئاگریان تێبەربووە و نزیک بە ٢٠٠ هێکتار لەو دارستانانە سووتاوە و دڵسۆزانی ژینگە و چالاکانی مەدەنی بە دەستی بەتاڵەوە هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکە دەدەن، بەڵام هێشتا بۆیان کۆنترۆڵ نەکراوە و ڕوو لە زیادبوونە.
بە پێی هەواڵی هەواڵدەرییەکان، لە ڕۆژی هەینی ٣ی جۆزەردانی ٩٩ی هەتاوییەوە ئاگر لە دارستانەکانی گەچساران لە زاگرۆس لە پارێزگای “کۆهگیلوویە و بویرئەحمەد” بەربووە و سەرەڕای هەوڵی بەردەوامی خەڵکی ناوچەکە و چالاکانی مەدەنی و ژینگەیی بەهۆی با و نەبوونی کەرەستە و ئیمکاناتی ئاگر کوژێنەوە نەتوانراوە ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکرێ و، بە خێراییەکی زۆرەوە ڕووبەرێکی زیاتری دارستانەکانی تەنیوە. لە لایەکی دیکەشەوە ڕۆژی دووشەممە بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٥.٢ڕیشتێر لەو ناوچەیەی داوە، ١٦ بریندار و خەسارێکی زۆری ماددی لێکەوتۆتەوە.
سەرەڕای چەند ڕۆژ بەردەوامیی ئاگرەکە و تەشەنەسەندنی و هەروەها زەوی لەرزەی ڕۆژی ڕابردوو،هەتا ئێستاش حکوومەت هیچ هەوڵێکی بۆ کۆنترۆڵی ئاگرەکە نەداوە .
شایانی باسە کە بە هۆی سیاسەتە هەڵەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کارەساتێکی ژینگەیی لەو وڵاتە بەڕێوەیە و لە داهاتوویەکی نزیکدا کارەساتی کەش و هەوا و ئابووری و مرۆیی بۆ خەڵکی ئێران لێدەکەوێتەوە و بەرپرسانی مەجلیسی ڕێژیمیش دانیان بەو کارەساتە ژینگەییە داناوە کە سیاسەتی دزی و گەندەڵی و مافیایی کۆماری ئیسلامی و سپای پاسدارانی ڕێژیم بەشێکن لە هۆکاری کارەساتەکان.