لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا چەند چالاکییەکی شاخەوانی لە لایەن گرووپی شاخەوانانی شارەکانی کوردستان بەڕێوەچوون.
ڕۆژی هەینی ۲ی جۆزەردانی ١٣٩٩ی هەتاوی گروپی “گیاڕەنگ”ی سەردەشت لە تیمێکی ۳۰ی کەسی دا بۆ یاد و بیرەوەری ساڵڕۆژی کۆچی دوایی هونەرمەندی دیاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان “عەباسی کەمەندی” و دانانی پلانی نوێ و تایبەت بۆ تۆکمەکردنی بەرنامە و پرۆگرامەکانی داهاتوو، گەشتێکی بۆ سەرچاوەی “بیشوانی بنەوخەڵێف” و چیاکانی دەورووبەری بەڕێوە برد.
لە لایەکی تریش گرووپی شاخەوانی “هە تاو”ی سەقز بۆ ڕێزگرتن لە یاد و بیرەوەری مامۆستایانی هونەری کوردی مامۆستا حەسەن زیرەک و قالە مەرە، چالاکییەکیان بۆ بەردە ڕەش لە ناوچەی سەرشیوی سەقز بەڕێوەبرد.
هەروەها لێژنەی شاخەوانانی “هێلانەداڵ”ی مەریوان وێڕای گرووپی شاخەوانانی ئەنجومەنی “سەوزی چیا”ی مەریوان ڕۆژی ۲ ی جۆزەردانی ٩٩ی هەتاوی بۆ یادی ٢١ـەمین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی ئەنجومەنی “سەوزی چیا” چالاکییەکیان بەڕێوەبرد.
لە چالاکییەکی تردا شاخەوانانی پیرانشار بە دانانی تابلۆیەک لەسەر کێوی سپیڕێز و شاخەوانانی “ئەوراز”ی بۆکانیش بە دانانی تابلۆیەک لەسەر لووتکەی تەرەغە بە مەبەستی پاراستنی ناسنامەی کورد لەو ناوچانە چالاکی شاخەوانییان بەڕێوەبرد.
هەر لەم پێوەندییەدا پۆلێک لە شاخەوانانی شنۆ لە یانەی شاخەوانی و پایسکیل سواری “چیا”ی شنۆ بە مەبەستی چالاکیی شاخەوانی بۆ سەرکەوتن بەسەر بەرزایی کێوی قەڵاتی شا چالاکییەکیان بەڕێوەبرد.
شایانی باسە، شاخەوانانی کوردستان لە گرووپ و ڕێکخراوی جیاوازدا ساڵانە چەندین چالاکیی شاخەوانی بەڕێودەبەن، کە وێڕای بەڕێوەبردنی چالاکیی وەرزشی یەکێک لە چالاکییەکانیان خاوێن کردنەوەی ژینگە و بەڕێوەبردنی چالاکییە ژینگەپارێزییەکانە و جیا لەمانە شاخەوانانی کوردستان بە هەڵگرتنی چەندین دروشم و پەیام لە بەرامبەر پرس و ڕووداوەکانی کوردستان خاوەن هەڵوێست بوون و لەم ڕێگەیەوە ئەرکی نیشتمانپەروەری خۆیان بەڕێوبردوە.











