هونەرمەندی دیاری ناوچەی لەیلاخ “حەبیبوڵڵا مەفاخری” کۆچی دوایی کرد.
ڕۆژی دووشەممە، ٥ی جۆزەردانی ١٣٩٩ی هەتاوی هونەرمەند “حەبیبوڵڵای مەفاخری” کە لای دۆست و هاوڕێ و لایەنگرانی مووسیقی ناوچەی لەیلاخ بە “حەبیب ملەیی” ناسراوە پاش تەمەنێک گۆرانی گوتن و خزمەتی هونەری لە تەمەنی ٨٤ ساڵیدا ماڵاوایی لە ژیان کرد.
حەبیب ملەیی ساڵی ١٣١٥ لە ئاوایی “ملە”ی بوڵواناوی دێولان لە دایک بوو.
ناوبراو هەر بە مێرمنداڵی هۆگری گۆرانی گوتن دەبێ و بە بەیت و گۆرانی ناوچەی لەیلاخ و بە سۆزی دەنگ و ئاوازی ڕەسەن بەشێکی گەورە لە ئەدەبیی زارەکی ئەو ناوچەیە دەپارێزێ، هەروەها ئەو هونەرمەندە خەڵکییە لە بەرەی ئەو هۆنەرمەندانە بوو کە هەم شایی و ئاهەنگ گێڕانی خەڵکی دەڕازاندەوە، هەم بە وتنەوەی گۆرانییە فۆلکلۆرییەکان، بە مانەوەو و زیندوو ڕاگرتنی میلۆدی و بەیت و گۆرانییە کۆنەکان خزمەتی کرد.
حەبیب ملەیی وەک بەشێکی زۆر لە هونەرمەندانی کورد ژیانێکی پڕ لە نەهامەتی و دەربەدەری بردە سەر و هەموو خەم و پەژارەی لە نارناری دەنگیدا، دەنگی دەدایەوە.
شایانی باسە ئەگەرچی حەبیب ملەیی لەم دواییانە کەوتبووە پەراوێز و ژیان تەنگی پێ هەڵچنیبوو، بەڵام بە هیممەتی کەسانی خەمخۆر و چالاکانی مەدەنی لە دووهەمین فیستیڤاڵی مووسیقی لەیلاخ ڕێزی لێ گیرا و، جاروباریش کۆڕوکۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئەدەبی “ڕچە”ی دەڕازاندەوە و بە خاکەڕاییەوە میراتی هونەری خۆی بە نەوەی پاش خۆی بەخشی.
جێی ئاماژەیە، ئەم هونەرمەندە ۱۵ ئالبۆم و نیزیک بە ۱۰۰ دەنگی مووسیقی فۆلکلۆری بەرهەم هێناوە، تەرمی ناوبراو لە ناوچەی قەڵای شاری قوڕوە بە خاک سپێردرا.
لە لایەن ناوەندی راگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی هونەرمەند حەبیبوڵڵا مەفاخری و خزم و کەسوکاری دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.











