زیادبوونی کێشە کۆمەڵایەتییەکان لەلایەک و دزی و گەندەڵی بەرپرسان لە لایەکی دیکەوە دۆخی کۆمەڵگەی ئێرانی چەند بەرابەر شڵەژاندووە.
بە پێی لێدوان و ئامارەکانی بەرپرسانی ئینتیزامیی خودی ڕێژیم، لە ماوەی پەرەسەندنی پەتای کۆرۆنادا لە ئێران و دۆخی نائاسایی لەو وڵاتە بە هۆی کەڵکاژۆکردن لە دۆخەکە لە لایەن بەرپرسانی کۆماری ئیسلامییەوە، بە تایبەت سپای پاسدارانی ڕێژیم گەندەڵییەکی زۆر کراوە و سەروەت و سامانی خەڵکی ئێران بە بیانووی کۆرۆناوە لە لایەن زۆرکەس لە بەرپرسانەوە دزراوە. هەروەها پێڕانەگەیشتنی دەوڵەت بە خەڵکی برسی و دۆخی بێکاری و هەژاری خەڵکێکی زۆر لەو وڵاتەدا، وایکردوە کە کێشە کۆمەڵایەتییەکانی وەکوو جیابوونەوە و توندوتیژیی خێزانی و کۆمەڵایەتیی، خۆکوشتن و زۆر دیاردەی دیکە وەکوو دزی کردن بۆ پەیداکردنی بژیوی ژیان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردوە و کۆماری ئیسلامیش لەبەرئەوەیکە هیچکات کێشە و قەیرانەکانی ئێرانی بۆ گرینگ نەبووە و زیاتر بیر لە تێرۆر و پشتیوانی تێرۆر لە وڵاتانی دیکەدا دەکاتەوە، تەنیا شتێک کە بۆی گرینگە مانەوەی دەسەڵاتەکەی خۆیەتی بە هەر نرخێک بێ، هەربۆیە کێشە و قەیرانەکان ڕۆژ بە ڕۆژ زیاد دەکا و بەرۆکی خەڵکی ئێران دەگرێ.