کەسایەتیی خۆشناو و نیشتمانپەروەری خەڵکی شاری بۆکان ” حەسەن ئەرشەد” کۆچی دوایی کرد.
بە پێی هەواڵێک کە بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان گەیشتوە، ڕۆژی شەممە، ٣ی جۆزەردانی ١٣٩٩ی هەتاوی، کاک “حەسەن ئەرشەد” خەڵکی ئاوایی “گڵۆڵان”ی بۆکان بەهۆی نەخۆشی ماڵئاوایی لە ژیان کرد.
کاک حەسەن کەسێکی گەلدۆست و کوردپەروەر بوو کە هەموو کات ئاواتی ڕزگاری کوردستان و نەتەوەکەی بوو، لە سەردەمی شەڕی پێشمەرگەدا هەموو کات ماڵ و هەوارەکەی جێی حەسانەوە و داڵدەی پێشمەرگە بوو.
ناوبراو بەهۆی ئەوەی کەسێکی دڵسۆز و خەمخۆری نیشتمان بوو هەروەها حەیرانبێژ و دەنگخۆشی ناوچەی بۆکان بوو، بۆیە ببووە کەسێکی خۆشەویست و جێی متمانەی خەڵکی ناوچەکەی.
هەروەها بەهۆی ئەو ڕێز و پێگەی لەنێو خەڵکدا هەیبوو لەگەڵ ئەوەی نەخۆشی کۆرۆناش لە ئارادابوو، بەڵام خەڵکێکی زۆر لە ڕێوڕەسمی بە خاکسپاردنەکەیدا بەشداریان کرد.
جێی ئاماژەیە، کاک حەسەن تا دوا ساتەکانی ژیانی وەفادار بە خاک و نیشتمانەکەی و ڕێبازی کوردایەتی مایەوە .
لە لایەن ناوەندی راگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵەی کاک حەسەن ئەرشەد و خزم و کەسوکاری دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.