“بریان هوک” ڕایگەیاند حکوومەتی ئێران نوێنەری خەڵکەکەی نییە، ئێران وڵاتێکی دەوڵەمەندە، بەڵام لە ژێر دەستی دز و گەندەڵکارانە.
نوێنەری تایبەتیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ” برایان هوک” لە پێوەندی لەگەڵ ئێراندا گوتی: “خەڵکی ئێران لە بوونی دەسەڵاتێک کە نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵکەکە بێ بێبەشن و ئێران وڵاتێکی دەوڵەمەندە، بەڵام لە ژێر دەسەڵاتی کەسانی دز و گەندەڵدایە.”
برایان هوک هەروەها ڕایگەیاند، “ڕێژیمی ئێران لەگەڵ کێشەی ڕەوایی و بێئێعتباری لەلای خەڵکی وڵاتەکەی بەرەوڕوویە. هەڵمەتی گوشاری ئابووری و تەریکخستنی دیپلۆماتیکی ئێمە، بووەتە هۆی ئەوەیکە خەڵکی ئێران دەرفەتێکی زیاتریان بۆ ئەوە دەست بکەوێ کە خوازیاری ڕێژیمێک بن نوێنەری ئەوان بێ.”
ناوبراو هەروەها ڕایگەیاند لە خۆپێشاندانەکەی مانگی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوودا بینیمان کە لە ٣١ پارێزگا تەنانەت یەک خۆپێشاندانیش لە دژی ترامپ و گەمارۆکانی ئەمریکا بۆسەر ئێران نەبوو، چوونکە خەڵکی ئێران دەزانن کێ بەرپرسیاری کێشەی ئابووری لە ئێرانە، تاوانبار خودی ڕێژیمی ئێرانە نەک ویلایەتە یەکگرتووەکان.