وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە پێوەندی لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و تەشەنەسەندنی بە شارەکانی ئێراندا و تووشبوون و گیان لەدەست دانی هەزارن کەسە بەو ڤایرۆسە، باسی لە درۆ و چەواشەکارییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کردوە.
لەم ڕاپۆرتەدا هاتوە کە کۆماری ئیسلامیی هەر لە یەکەم حاڵەتی تووشبوون بەو ڤایرۆسە کە لە سەرەتاکانی مانگی دیسامبێری ۲۰۱۹ هاتبووە ئێرانەوە خەڵکەکەی پشتگوێ خست و گیانی ئەوانی بەلاوە گرینگ نەبوو.
لە بەشێکی تری ڕاپۆرتەکەدا هاتوە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئامارەکانی دەسکاری کردوە و کادرە دەرمانی و پزیشکەکانیش کە هەوڵی بڵاوکردنەوەی ئامار و زانیارییە ڕاستەکانیان دەدا لەگەڵ ئازار و ئەشکەنجە ڕووبەڕوو بوونەوە.
لەم پێوەندییەدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە هێنانەوەی چەند بەڵگە و زانیارییەک باسی لە هەواڵە ناڕاست و چەواشەکارییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کردوە.
لە خوراسان ” عەلی ئەسغەر” بەرپرسی زانستگەی علوم پزیشکی، لەو نەخۆشخانانەی کە تووشبووانی کۆرۆنایان تێدا ڕاگیراوە، بە یەکێک لە هەواڵدەرییەکانی نێوخۆی ڕاگەیاندبوو کە ٦۰۰ کەس لە ۱۹ی فێوریە تا ٤ی ئاوریل گیانیان لەدەست داوە، لە کاتێکدا ئامارەکانی دەوڵەت تا ۲۲ی مارس تەنیا ٤۲ کەسیان ڕاگەیاندبوو.
لە لایەکی تریش لە “گولستان”، “عەبدولرەزا فازڵ” یەکێک لە کاربەدەستانی بێهداشت لە ئێران، بە هەواڵدەرییەکانی نێوخۆی ڕاگەیاندبوو کە ۲۳۰ی کەس تا ڕێکەوتی ۲ی ئاوریل بەهۆی ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەست داوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە دەوڵەتی ئێران تەنیا ۱۰ کەسی ڕاگەیاندبوو.
شایانی باسە، کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە ڕاستییەکانی لە خەڵک شاردەوە و هەر ئەمەش هۆکار بوو بۆ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەر و گیان لەدەستدانی ژمارەیەکی زۆری خەڵک، هەروەها لە لایەکی تریش ئامار و زانیارییەکانی لە خەڵک شاردەوە و بەشی زۆری ئەو ڕاگەیاندنانەی کە هەواڵی ڕاستی تووشبووانیان بڵاو دەکردەوە هەڕەشەیان لێکراوە و تەنانەت بەشێکیان داخراون، لە لایەکی تریش ئەو کادرە تەندروستییانەی کە ئامار و زانیاری ڕاستیان بڵاو دەکردەوە ئازار و ئەشکەنجە دراون و لە کارەکانیان دوور خراونەوە.