بەرپرسی کاروباری ئێران لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتی: “ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەرابەر گوشارەکانی ئەمریکا تەنیا یەک ڕێگەی هەیە: یان دانوستان لەگەڵ دەوڵەتی ترامپ یان مودیریەت کردنی داڕمانی ئابووری”.
“برایان هوک” ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی بانەمەڕی ٩٩ی هەتاوی، ڕایگەیاند: ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەرابەر ئەمریکادا تەنیا یەک ڕێگای هەیە و جەختی لەوە کردەوە ئێستا زیاتر لە سێ ساڵە ئێمە لە ڕێگای دیپلۆماسی ڕووبەڕووی ئێران بووینەتەوە، کۆماری ئیسلامی بەهۆی گەمارۆکانی ئێمە تێکشکاوە و خامنەیی تەنیا یەک ڕێگای لەبەردەستدا ماوە و دەبێ لەگەڵ دەوڵەتی ترامپ دانوستان بکات، ئەگینا دەبێ مودیریەتی داڕمانی ئابورییەکەی بکا.
شایانی باسە یەکێک لە دەرئەنجامەکانی ئەو گەمارۆیانە ئەوە بووە کە هەناردەی نەوتی ئێران ڕۆژانە لە دوو میلیۆن و ١٣٠ هەزار بەرمیلەوە لە ساڵی ٢٠١٧ بۆ کەمتر لە ٢٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێک دابەزیوە، ئەمریکا هەروەها هەوڵ دەدا پێش لە فرۆشتنی ئەو ڕێژەیەش بگرێ و هەر لەو چوارچێوەدا، کەشتییە شەڕکەرەکانی ئەمریکا بەرەو دەریای کارائیب بەڕێکەوتوون بۆ ئەوەی ڕێگری بکەن لە گەیشتنی نەوتهەڵگرەکانی ئێران بۆ کەنارەکانی ڤێنێزوئێلا.












