لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوو ١٠٦ هەزار کەس لە جیهاندا تووشی ڤایرۆسی کۆڕۆنا بوون.
ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیی ڕایگەیاند، ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی بانەمەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی، ١٠٦ هەزار کەس لە جیهاندا تووشی ڤایرۆسی کۆڕۆنا بوون کە ئەمە زۆرترین ژمارەی تووشبووانە لە ٢٤ کاتژمێردا لەو کاتەوە کە ڤایرۆسی کۆڕۆنا سەریهەڵداوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، زۆرترین تووشبووان لە چوار وڵاتی، ئەمریکا، ڕووسیە، برازیل و بریتانیان. ڕووسیە و برازیل لەو ماوەیەدا هەر کامیان ڕۆژانە ١٠ هەزار نەخۆشی تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆڕۆنایان تۆمار کردوە.
سەرۆکی گشتیی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیی نیگەرانی خۆی لە تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆڕۆنا دەربڕی.
بەپێی ئەو ئامارانەی کە تا ئێستا بڵاوکراونەتەوە، لە جیهاندا پێنج میلیۆن و ٤٧ هەزار و ٢٦٣ کەس تووشی ئەم ڤایرۆسە بوون کە ٣٢٧ هەزار و ٦٣٨ کەسیان مردوون و ژمارەیەکی بەرچاویش هەر لەژێر چاودێری پزیشکیدان و بەشێکیشیان تەندروستییان وەدەست هێناوەتەوە.
لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا تا ئێستا ئاماری ١٢٧ هەزار کەسی تووشبوو بە کۆڕۆنا ڕاگەیەندراوە کە بەپێی ڕاپۆرتی وەزارەتی تەندروستیی ئێران ٧١٨٣ کەس گیانیان لەدەستداوە.
لەگەڵ ئەوەی کە لە ئێراندا ڤایرۆسی کۆرۆنا سەریهەڵدابوو، کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی بۆ خاتری بەرژەوندییەکانی ڕێژیمەکەیان هەواڵەکەیان لە خەڵک شاردەوە و ئەمەش بوو بە هۆی هەرچی زیاتری بڵاوبوونەوە و تەشەنەسەندنی ڤایرۆسەکە و هەموو وڵاتی گرتەوە.












