دارا بەگزادەم، لەدایکبووی ساڵی ١٣٥١ لە ئالانی سەردەشت.
لە ڕێکەوتی ٢٢ی پووشپەڕی ١٣٦٨ کە هاوکات بوو لەگەڵ شەهیدبوونی دوکتور قاسملوو لەگەڵ چەند هاوڕێیەکم لە لایەن سیخوڕێکی ئیتلاعات ئاشکرا بووین و بە تۆمەتی ئەندامەتیی حیزبی دێموکرات لە سەردەشت یەک بە یەکمان دەسبەسەر کراین. بردمانیان بۆ «خانەی معلم» کە ئەو کات گرتووخانەی ئیتلاعات بوو. پاش دوو مانگ ئەشکەنجە و لێپرسینەوە بە هۆی مەلا ئەحمەدی (گاگەش) بە کەفالەت ئازاد کرام.
جاری دووەم و هەر بە تۆمەتی پێشوو لە خاکەلێوەی ٧٢ دەسبەسەر کرامەوە. ئەم جار بۆ ماوەی دوو ساڵ لە زیندانی دەریای ورمێ بووم. هەموو جۆرە ئەشکەنجەیەکیان بە مەبەستی ئێعتراف وەرگرتن لەسەرم تاقی کردەوە، بەڵام هیچ کات نەیانتوانی بەو مەبەستەیان بگەن. لە دوای ئەوە لە دادگای ورمێ حوکمی ئێعدامم بەسەردا سەپا، بەڵام پارێزەرەکەم بەڵێنی دا کە حوکمەکە دەشکێنێ.
لە زینداندا هەرچەندە کە ڕۆژەکان بە ناخۆشترین شێوە و بە درەنگی تێپەڕ دەبوو، ملاقات و چاوپێکەوتنەکانمان تەنیا بە شێوەی تەلەفوونی بوو، هەواخۆرییمان کەم بوو، بەڵام ئێمەش بۆ دژایەتیکردن لەگەڵ ئەو دۆخە دەبوو بە شتگەلێکەوە خۆمان سەرقاڵ بکەین تا بتوانین باشتر بەرگە بگرین. لە زیندان باشگای وەرزشیی لێ بوو، زۆربەی کاتەکانی ڕۆژانەم لەوێ تێپەڕ دەکرد؛ هەم سەرقاڵییەک بوو و هەمیش پاراستنی سڵامەتیی خۆت لە شوێنێکی گشتی وەک زینداندا زۆر پێویستە. بێجگە لەوەش کتێب خوێندنەوە یەکێکی تر لەو کارانە بوو کە هەم مایەی ئارامشی فکری بوو هەمیش ئاستی زانیاریی کەسەکەی دەچووە سەرێ و ئەمەش کاریگەریی ئەرێنیی لەسەر کەسایەتیی ئەو کەسە لە زینداندا هەبوو.
ئەو هاوڕێیانەی کە لە زیندان پێکەوە بووین نێوانمان زۆر خۆش بوو، بەڕاستی دەتوانم بڵێم لەو بێکەسییەدا بۆ یەکتر کەس و کار بووین و ئەگەر ئەم هاودڵییانە نەبووایە بێگومان تەحەممولی ئەو هەمووە گوشار و زەختە دەروونییە زۆر ئەستەم دەبوو. ئەو هاوڕێیانەی کە سیاسی بووین زۆر ئاگامان لە یەکتر بوو و، شەوانە قسەی خۆش و کۆبوونەوەی چەند کەسییمان دەبوو و هەتا کاتی کوژاندنەوەی برقەکان لە دەوری یەک گوێگری بیرەوەریی یەکتر دەبووین. یەکێک لەو هاوڕێیانەی کە زۆر نێوانم لەگەڵی خۆش بوو و هەمیشە و هەتا هەتایە یادی لە دڵمدا زیندووە، کوڕێکی مەهابادی بوو بە ناوی سیاوەش دەباغی کە بەداخەوە دواتر و پاش چوونە دەرەوەی لە زیندان هەر لە شاری مەهاباد شەهید بوو.
یەکێکی تر لەو کەسایەتییانەی زیندان کە هەمیشە لە بیرمە کەسێک بوو بە ناوی ڕەحمان سینگشێر کە قەڵافەت و هەیبەتێکی ترسێنەری هەبوو و هەموو زیندانییەکان لێی دەترسان، بەڵام ئەوەی کە خۆشەویستی کردبوو لە نێو ئێمەدا ئەوە بوو کە دژ بە کاربەدەستانی زیندان بوو و بەرەوڕوویان دەبووەوە. جارێکی لەگەڵ ئەفسەر نیگابان کێشەیان بۆ دروست بوو و لەگەڵ یەکتر بە شەڕ هاتن و دواییش حەوت پاسەوانی دیکەش بە هانای ئەفسەر نیگابانەوە هاتن، بەڵام ڕەحمان سینگ شێر هەر هەموویانی بەزاند و لێدانێکی چاکی لێدان. هەرچەند لە کۆتاییدا بە ١٢ کەس گرتیان و بەستیانەوە بەڵام بوێرییەکەی لە بەرچاوی خەڵک بەرجەستە بوو.
لەو ماوەیەدا سێ جار دادگایی کرام. ئێوارەیەک لە بڵیندگۆی زیندانەوە ناوم خوێندراوە کە بچمە لای ئەفسەر نیگابان؛ دڵەڕاوکێیەکی زۆرم بوو و دەترسام و هەر لە دڵی خۆمدا دەمکوت بڵێی چی ڕووی دابێ؟! ئەفسەر نیگابان پێی وتم دەبێ بتبەین بۆ دادگا، کاتەکەی درەنگ بوو. کە چووین دادگا تەقریبەن داخرابوو بەڵام ئەو دادوەرەی ئێمە کارمان پێی بوو لەوێ بوو. کاخەز و قەڵەمێکی پێدام و کوتی ئیمزای بکە، کوتم هەتا نەیخوێنمەوە ئیمزای ناکەم. کە خوێندمەوە حوکمەکەم لە ئێعدامەوە بۆ دوو ساڵ و شەش مانگ شکابوو. بڕوام نەدەکرد. خێرا ئیمزام کرد، ترسی ئەوەم لێ نیشتبوو پەشیمان ببنەوە، بۆیە مەجالم نەدا و بە ئیمزاکراوی پێم دانەوە.
کە چوومەوە زیندان هەموو هاوڕێیانم لەوێ چاوەڕوان بوون و بە سەرسووڕمان و بە دڵەڕاوکێوە پرسیاریان دەکرد کە بەم ئێوارەیە چییان پێ گوتووی؟ ئەمنیش زەردەیەکم هاتێ و کوتم پارێزەرەکەم حوکمەکەی بۆ شکاندم؛ هەموو سەریان سووڕ مابوو و بڕوایان بەو شتە پێ ئەستەم بوو. هەرچەند ئێمە بنەماڵەیەکی هەژار بووین بەڵام بڕە پووڵێکی زۆرمان بەو پارێزەرە دا و، هەموو هەوڵێک درا بۆ ئەوەی بە پارەیەکی زۆرتیش بێ ڕزگار بم لەو حوکمە.
پاش ئازادییەکەم کە چوومەوە سەردەشت، زۆر کەسی نیشتمانپەروەر و دڵسۆزی کورد و پرسی نەتەوایەتی دەهاتنە سەردانم و دڵگەرمیان دەکردم بە بیر و باوەڕەکانمان. لە دوای چەند مانگێک کە هەر ترسی دیسانەوە گیرانم لێ نیشتبوو، ڕۆژێکی لە لایەن حەفازەت ئیتلاعاتەوە هەڕەشەی توندم لێ کرا و منیش بەبێ ئەوەی سەردانی ئەوان بکەم، ڕاستەوخۆ ڕووم لە باشووری کوردستان کرد و هەتا ئێستاش لێرە ماومەتەوە و وەک ئەندامێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە خزمەت نیشتمانەکەم دام.