لە ناوچەی بۆکان باوکی سێ شەهیدی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەهۆی نەخۆشیەوە کۆچی دوایی کرد.
بەپێی هەواڵێک کە بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان گەیشتوە، ڕۆژی چوارشەممە ٣١ی بانەمەری ١٣٩٩ی هەتاوی، حاجی “باقی محەممەدپوور” خەڵکی گوندی “ئاڵیکەندی” ناوچەی بۆکان و کەسایەتییەکی خۆشناو و ناسراوی ناوچەی بۆکان بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد. مام باقی لە سەردەمی کۆماری کوردستان وەک پێشمەرگەیەک لە خزمەت کۆماری کوردستان و گەلەکەی دابوو و لەو کاتەوە تا کۆتایی ژیان وەفاداری ڕێبازە پیرۆزەکەی بوو و لەو ڕێگەیەشدا سێ ڕۆڵەی قارەمان و فیداکاری پێشکەشی دایکی نیشتمان کردوە. “قاسم محەممەدپوور” ناسراو بە قاسمی باقی فەرماندەری بەوەج و ناوداری هێزی بەیان، “ناسر محەممەد پوور”، “مەحموود محەممەدپوور” سێ کوڕی ناوبراو بوون کە دەورێکی بەرچاویان لە شۆڕشی گەلەکەماندا هەبوو. حاجی باقی وێڕای ئەوەی کە باوکیشی پیاوێکی نیشتمانپەروەر و دڵسۆزی کورد و ڕێبازی کوردایەتی بوو، لە بنەماڵەکەشیاندا کەسانی قارەمانی وەک مەحموود محەممەدپوور، عەبدوڵڵا محەممەد پوور ، عومەر ڕەحمانی، عەبدوڵڵا شۆڕش، عومەر قەیتەران لە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکڕاتدا تا کۆتایی تەمەن خەباتیان کرد و لەو ڕێگەیەدا گیانی خۆیان بەختی ئازادی و ڕزگاری گەلەکەیان کرد.
ناوبراو لە قەرەگۆل بەخاک سپێردرا، بەڵام ئیتللاعات ڕێگەی نەدا کە ناوی شەهیدەکان بە تایبەتی قاسم و ناسر لە ئاگاداری پرسە و سەرخۆشیەکەیدا بنووسرێ و نەیانهێشتوە خەڵکێکی زۆر لە بەخاکسپاردنیدا بەشداری بکەن.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵەی بەڕێزی حاجی قاسم و خزم و کەسوکاریان دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.