لە ئەفغانستان هەموو ئەو پۆستێرانە کۆکرانەوە کە پێوەندییان بە ڕۆژی قودسەوە هەبوو.
ماوەی چەند ساڵێکە لە ڕۆژی جیهانیی قودسدا پۆستێری تایبەت بەو ڕۆژە لە شەقامەکانی هێندێک لە شارەکانی ئەفغانستان بڵاودەکرێنەوە. ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی پێشوو هەموو ئەو پۆستێرانە کۆکرانەوە کە پێوەندییان بەو ڕۆژەوە هەبوو، هۆیەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ پیلانەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران. شارەزایانی ئەفغانی دەڵێن ئەم کارە بە پشتیوانی لایەنێکی دەرەکی دەکرێ کە مەبەستیان کۆماری ئیسلامییە، ئەم ڕۆژە ساڵێک دوای شۆڕشی گەلانی ئێران چووە نێو ڕۆژژمێری ئێرانییەوە و ئاخیرین هەینی هەموو ڕەمەزانێک بە قسەی خۆیان بۆ پشتیوانی لە خەڵکی فەلەستین دیاریکراوە.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەرکام لە وڵاتانی ناوچەکە بە بیانوویەک دەست دەخاتە نێو کاروباری نێوخۆی ئەو وڵاتانەوە و بە کەلک وەرگرتن لە هەستی شیعەگەری خەڵکی ئەو وڵاتانە بەگژ یەکدا دەکا و شەڕ و خوێنرشتن و ئاژاوە دەخاتە نێو خەڵکی ئەو وڵاتانە کە هەزاران ساڵە لەسەر ئەم خاکە دەژین و بە دوای ژیانێکی ئارامدا دەگەڕێن. نموونەی ئەم پیلانە چەپەڵ و دژی ئینسانیانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە لوبنان، یەمەن، فەلەستین، سووریە و عێراق بە تەواوی دیار و بەرچاون و ئەو ڕێژیمە بە ئاشکرا ئاژاوەی خستۆتە نێو گەلانی ئەو وڵاتانە و لە سەروەت و سامانی گەلانی ئێران بۆ هەڵایسانی شەڕ و پێکهێنانی گرووپی تێرۆریستی و میلیشیاکان کەلک وەردەگرێ و بۆتە هۆی تێکدانی ژیانی خەڵک و ئاوارەبوونی میلیۆنان ئینسان و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر پەرە بەو کردەوە ئاژاوەگێڕیانەی خۆی دەدا.












